کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی بەرپرسانی شارەداریی شاری کرماشان لە هەمبەر قەیرانی بوودجەدا

11:16 - 25 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: قەیرانی لەڕادەبەدەری بوودجەی شارەداریی شاری کرماشان، جیا لە ناڕەزایەتیی کرێکاران، ناڕەزایەتیی بەرپرسانیشی لێ کەوتەوە.

بەهۆی قەیرانی لەڕادەبەدەری بوودجەی شارەداریی شاری کرماشان، چەندین مانگە فەرمانبەران و کرێکارانی شارەداریی ئەو شارە مووچە و حەقدەستی مانگانەی خۆیان وەرنەگرتووە و بەم هۆکارەوە جیا لە کرێکاران، بەرپرسانی شارەدارییش لە هەمبەر کێشە و گرفتەکانی کەمیی بوودجە و دواکەوتنی بەناو پرۆژەکانی شاری کرماشان، ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.

غوڵامڕەزا ئەمیری، بەرپرسی شۆرای شارەداریی شاری کرماشان ڕایگەیاند: لە کاتێکدا کە پێویستە تاکوو کۆتاییی ئەمساڵ هەموو فەرمانبەران و کرێکارانی شارەداریی شاری کرماشان مووچە و حەقدەستەکانیان پێ بدرێت، بەڵام شارەداریی ٥٠ میلیارد تمەن کەمیی بوودجەی هەیە و نەک نەتیا توانایی پێدانی حەقدەستی کرێکارانی نییە، بەڵکوو توانایی دابینی مووچەی فەرمانبەرانیشی نییە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە شارەداریی ئەو شارە پێویستی بە ٥٨ میلیارد تمەن بوودجەیە بۆ جێژنانە و پێدانی مووچە و حەقدەستی هەموو فەرمانبەران و کرێکاران و هەنووکەش تەنیا هەشت میلیارد تمەنی هەیە، وتی: "شارەداریی کرماشان لە کاتێکدا لەگەڵ کەمیی بوودجە بەرەوڕوو بووەتەوە کە ۱۲۰ میلیارد تمەن بە ناوەند و دەزگاکانی تری حکوومەتی قەزردارە و ئەگەر حکوومەت هەنگاو بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە هەڵ نەگرێت، شارەداریی بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە لەگەڵ قەیرانێکی زۆر جیدددی و کارەساتبار ڕووبەڕوو دەبێتەوە".

لە حاڵێکدا کە شارێکی وەکوو کرماشان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، چەندین جار لەگەڵ کارەساتی دڵتەزێنی بوومەلەرزە بەرەوڕوو بووەتەوە و شارەداریی ئەو شارە قەیرانی لەڕادەبەدەری بوودجەی هەیە، سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیم ساڵانە نزیک بە ۵۰ هەزار میلیارد تمەن بۆ کاروباری سەربازیی لە نێوخۆی ئێران تەرخان دەکات و زۆربەی ئەو بوودجەیەش بۆ سپای تێرۆریستی پاسدران دیاری دەکرێت، کە لە ساڵی داهاتوودا بوودجەی سپای پاسداران و ناوەندی بەسیج ٢٨ لەسەد زیادی کردووە، ساڵانە ڕێژیم چەند قاتی ئەو بوودجەیە بۆ کاروباری تێرۆریستی و ئاژاوەگێڕانە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەفیڕۆ دەدات.