کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی بەرپرسانی ئەفغانستان لە هەمبەر دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێراندا

10:06 - 5 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران، لە کاروباری نێوخۆییی وڵاتی ئەفغانستان، ناڕەزایەتی و ڕەخنەی توندی بەرپرسانی ئەو وڵاتەی لێ کەوتەوە.

ڕۆژی شەممە، ٤ی ڕەشەمە، کۆشکی سەرکۆماریی وڵاتی ئەفغانستان، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە "محەممەدئەشرەف غەنی"، سەرکۆماری وڵاتی ئەفغانستان، سەرلەئێوارەی ڕۆژی هەینی ۳ی ڕەشەممە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە لاوانی ئەفغانی لە کۆشکی سەرکۆماریی ئەو وڵاتەدا، بە توندی ڕەخنەی لە دەستێوەردانەکانی ڕێژێمی ئێران لە کاروباری نێوخۆییی وڵاتی ئەفغانستان گرت و ڕایگەیاند: پاکستان و ڕووسیە و بەتایبەت ئێران، بۆیان نییە دەستێوەردان لە کاروباریی نێوخۆیی ئەفغانستاندا بکەن.

ئەشرەف غەنی، لە بەشێکی وتارەکەیدا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بە بەرنامە و پرۆژە داڕێژراوەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ گرووپی تاڵەبان کرد و وتی: "سەرکۆماری وڵاتی ئەفغانستان تەنیا ئەفغانەکان هەڵی دەبژێرن، ئیسلامئاباد و تاران و مسکۆ مافی ئەو هەڵبژاردنەیان نییە. ئەوانەی کە لە بەرانبەر خەڵکدا تووشی دڵەڕاوکێ بوون، قسە لە حکوومەتێکی کاتی دەکەن، پرۆژەی دەرەکی و داڕێژراوی دەرەوەی ئەفغانستان لەم وڵاتە بێئاکامە".

سەرکۆماری ئەفغانستان، لە بەشێکی تری قسەکانیدا باسی لەوە کردووە: ئاشتی بەڕێوەیە و ئەفغانەکان و ئەفغانستان نایانەوێت لە ڕابردوودا بمێننەوە و ژیان  ببەنە سەر، ئێمە وڵاتانی جیهانمان بە ئاشتی و تەبایی قانع کردووە.

پێشتریش، شاحوسێن مورتەزەوەی، وتەبێژی سەرکۆماریی ئەفغانستان، لە هەمبەر دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری نێوخۆییی وڵاتی ئەفغانستان، بە توندی دژکردەوەی نیشان دا و ناڕەزایەتیی خۆی و کاربەدەستانی وڵاتەکەی دەربڕی.

دەستێوەردانە ئاژاوەگێڕانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری نێوخۆییی وڵاتی ئەفغانستان و پاڵپشتیکردن لە گرووپی تێرۆریستیی تاڵەبان کە سیاسەتەکانی ڕێژیم لەو وڵاتە بەڕێوە دەبات، جیا لە ڕەخنە و دژکردەوەی بەرپرسانی ئەفغانستان، ناڕەزایەتی و دژکردەوەی چالاکانی سیاسی، ڕۆژنامەنووسان، خوێندکاران و چینەکانی تر ئەفغانی لێ کەوتووەتەوە.