کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی بەرینی مامۆستایان لە کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو

17:49 - 11 سەرماوەز 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١١ی سەرماوەز، بەرینترین ناڕەزایەتی و مانگرتنی مامۆستایان و فەرهەنگییان لە کوردستان لە بەردەم ئیدارەکانی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم، بەڕێوە چوو.

خۆپیشاندەران بەنیسبەت جێبەجێنەکردنی خواست و داواکارییەکانیان، جێبەجێنەکردنی تەرحی پلەبەندی و تەرحی یەکدەستکردنی مووچەی مامۆستایان لەلایەن ڕێژیمەوە، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

هەروەها لە بەردەم ئیدارەی گشتیی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنە، مامۆستایان مانیان گرت. ئەمە بەرینترین مانگرتنی سەربەخۆی مامۆستایانی سنەیە کە پەیوەندیی بە ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانەوە نییە.

یەکێک لە دروشمەکانی مامۆستایان لە بەردەم ئیدارەی گشتیی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنە، ئەوە بوو کە "مامۆستایانی زیندانی، دەبێ ئازاد بکرێن".

مامۆستایان لە کوردستان لە شارەکانی "سنە، مەریوان، شاهین‌دژ، بۆکان، دیواندەرە، کرماشان و سەقز" ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان لە شارەکانی دیکەی ئێرانیش وەک "تاران، ئیسفەهان، تەورێز" و چەندین شاری دیکە، مامۆستایان و فەرهەنگییان ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.