کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی خوێندکارانی زانکۆی بەلووچستان

12:04 - 26 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: پاش کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خوێندکارانی زانکۆکانی سنە و تاران، خوێندکارانی زانکۆی بەلووچستانیش لە هەمبەر کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ئەو زانکۆیە، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

پاش ئەوەی کە لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا، خوێندکارانی زانکۆکانی سنە و تاران کۆبوونەوە ناڕازایەتییەکانیان بەڕێوە برد و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هێرشیان کردە سەر ناڕازییانی زانکۆی تاران. ڕۆژی چوارشەممە، ۲۵ی بانەمەڕ، خوێندکارانی زانکۆی بەلووچستانیش، بە هۆکاری نابەرپرسیاریەتیی بەرپرسانی ئەو زانکۆیە، ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.

خوێندکارانی زانکۆی بەلووچستان، لە هەمبەر خراپیی بارودۆخی خواردنی خوێندکاران لە زانکۆ و خەوتنگەکانی زانکۆ، باردۆخی نالەباری خەوتنگە، بارودۆخی زانکۆ بە گشتی و وڵامنەدانەوە بە ڕەخنە و سکاڵاکانیان لە لایەن بەرپرسیانی زانکۆوە، لە پێش دەرکی زانکۆ تاکوو پێش ژووری بەرپرسی ئەو زانکۆیە، پۆرسە خواردنەکانیان بە ڕیز، وەکوو ناڕەزایەتی داناوە و بەم شێوەیە ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە.

شایانی باسە کە، وێڕای ئەوەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا، خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران بەردەوام بە هۆکاری جۆراجۆر و ڕەوایەتی داواکارییەکانی خۆیانەوە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، لە ساڵانی ڕابروودا ئەو ناڕەزایەتییانە بە ڕێژەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە و لە ئێستاشدا کە سەرەتای ساڵی ۹۸ی هەتاوییە، ناڕەزایەتیی خوێندکارانی ئێرانی لەو وڵاتەدا، گەیشتووەتە لووتکە.

بەڵام بەرپرسیانی زانکۆکانی ڕێژیم، نەتەنیا وڵامی ناڕەزایەتی و داوا ڕەواکانیان نادەنەوە، بەڵکوو لە ڕێگای هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، بە دڕندانەترین شێوە سەرکوتیان دەکەن و زۆر جاریش ئەو خوێندکارانە بەم بۆنەوە، بوونەتە قوربانیی سەرکوتە نامرۆڤانەکانی ڕێژیم.

خوێندکاران، چینێکی ئاگا و ڕۆشنبیری کۆمەڵگان کە زۆرجار لە وڵاتانی دیکتاتۆردا پێشەنگی شۆڕشەکان بوون یان ڕێکخەر و ڕێبەری شۆڕشەکانی دژ بە دەسەڵاتە سەرەڕۆوەکان بوونە. خوێندکارانی کۆمەڵگای ئێرانیش وەکوو چینێکی ڕۆشنبیری ئەو کۆمەڵگایە، یەکێک لە کاریگەرترین چینەکانی کۆمەڵگای ئێران بوونە لەسەر شۆڕش و بزووتنەوەکانی ئێران و زۆر جار ڕێکخەری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان و تەنانەت پێشەنگی بزووتنەوە خەباتکارانەکانی نەتەوەکان و سەرانسەری ئێران بوونە.

لەم نێوانەشدا ناکرێت ڕۆڵی پۆزەتیڤ و کارای خوێندکارانی کورد، هەم لە سەرانسەری ئێران و هەمیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەسەر بزاڤ و بزووتنەوە نەتەوەیی و سەرانسەرییەکاندا لە بەرچاو نەگرین، کە شەهید "ئیسماعیل شەریفزادە" و هاوڕێیانی نموونەیەکی نەمری خوێندکارانی پێشەنگن لە شۆڕشەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیشدا.