
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی بانەمەڕ لە شارەکانی تاران، ئیسفەهان، قەزوین، تەورێز، شەهری کورد و چەندین شاری دیکە خەڵک دژ بە خراپیی دۆخی ژیانیان و دژ بە ڕێژیمی ئێران ناڕيزایەتییان بەڕێوە برد.
لە شارەکانی ئیسفەهان، تەورێز و قەزوین کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لەبابەت بیمەی تەکمیلی، دۆخی خراپی گوزەران و مووچەی کەمی مانگانەیان لە بەردەم ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی ئەو شارانە کۆ بوونەوە و دروشمی دژی " ئیبراهیم ڕەئیسـ"ـیان دا و داوای چارەسەریی کێشەکان و زیادکردنی مووچەی مانگانە و بەڕێوەچوونی گەڵاڵەی "هاوسانسازیـ"ـیان کرد.
لە تاران کۆمەڵێک لە شۆفێرانی شیرکەتی ئوتوبووسڕانیی تاران، لەبابەت کەمی و دواکەوتنی مووچەی مانگانەیان ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوای مووچەی مانگانە لە کاتی خۆیدا و چەندین داواکاریی دیکەیان کرد.
لە شاری "هەفشنجان" لە پارێزگای "چوارمەحاڵ و بەختیاری" خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان و لە دژی نیزامی دەسەڵاتدار لەبابەت خراپیی دۆخی ژیان و گرانییەکان خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و دروشمیان دا و لەگەڵ هێرش و پەلاماری هێزەکانی حکوومەت بەرەوڕوو بوونەوە. خەڵکی ناڕازی لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە تەقەیان لێ کرا و هەڵمەتێکی ڕەشبگیریی خەڵک لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بەڕێوە چوو.
هەروەها لە "شەهری کورد" لە پارێزگای "چوارمەحاڵ و بەختیاری" خەڵک ڕژانە سەر شەقام و لەبابەت گرانییەکان و چارەڕەشیی خۆیان ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و دژی "ئیبراهیم ڕەئیسی" و باقیی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم دروشمیان دا و بنێری "ئیبراهیم ڕەئیسیـ"ـیان سووتاند. ناڕازییان لەگەڵ هێرش و پەلاماری هێزە نیزامییەکان بەرەوڕوو بوونەوە و شەڕ و تێکهەڵچوون لەنێوان خەڵک و هێزە نیزامییەکان دروست بوو.
لە زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستان، ڕێژیم لە ترسی پەرەسەندنی زیاتری ناڕەزایەتییەکانی خەڵک هێڵی ئینتێرنێتی لاواز کردووە.
لە شارەکانی کوردستان ڕێژیم لە ترسی جمانی جەماوەر و بەرینبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ڕێگای بەکارهێنانی هێزەوە کەشێکی توندی ئەمنییەتییان زاڵ کردووە و زۆربەی شارەکانی کوردستانیان بە هێز تەنیوە.