کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی خەڵکی دەشتی زەهاو لە هەمبەر پەراوێزخستنیانەوە

19:13 - 21 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: خەڵکی ناوچەی دەشتی زەهاوی سەر بە شاری سەرپێڵی زەهاو لە هەمبەر پەراوێزخستنیان لە لایەن ڕێژیمەوە، ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، خەڵکی گوندەکانی ناوچەی دەشتی زەهاو و بەتایبەتی گەورەدێی پشتەنگی زەهاو، سەر بە شاری سەرپێڵی زەهاو لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەمبەر پەرواێزخستنیان و ئاوڕنەدانەوە لە کێشە و گرفتەکانیان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، ناڕەزایەتیی خۆیان ڕوو له بەرپرسانی باڵای ئەو ڕێژیمە، دەربڕیوە.

سەرەڕای ئەوەیکە ناوچەکانی دەشتی زەهاو، لە پارێزگای کرماشان، بە یەکێک لە ناوچەکانی قوربانیی شەڕی ماڵوێرانکەری هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق هەژمار دەکرێت، پاش کۆتایی ئەو شەڕە، جیا لەوەی کە سەدان و هەزاران کەس له خەڵکی ئەو ناوچانە کوژران، ناوچەکە بە تەواوەتی خاپوور و وێران کرا و خەڵکەکەی زیاتر لە ۱۵ ساڵ ئاوارە و بێوار کران.

ئێستاش کەرەستە شەڕکەرەکانی بەجێماوی ئەو شەڕە لەوانەش، جۆرەکانی مین، خۆمپارە، گوللـەتۆپ و... ڕۆژانە دەبنە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە و تاکوو ئێستا ڕێژیمش هیچ هەوڵێکی بۆ هەڵگرتنەوەی ئەو کەرستە بەجێماوانە و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە نەداوە.

خەڵکی ئەو ناوچەیە خۆیان هەوڵی خاوێنکردنەوەی ئەو ناوچانەیان داوە و هەتا ڕادەیەک لەم بوارەوە سەرکەوتوو بوونە.

بە هۆی کارەساتی لافاو لە ساڵی ۱۳۹۲ی هـەتاوی، جیا لەوە زیاتر لە ۱۰ کەسی خەڵکی گوندی "ئەلیاسی" لەو ناوچەیە گیانیان لەدەست دا، زیانی زۆری بە ناوچەکە گەیاند.

هەروەها لە بوومەلەرزەکانی ساڵانی ڕابردووشدا، چەندین جار ئەو ناوچانەی خاپوور و وێران بوون و بە هۆکاری هەژاری، نەداری، بێبەهرەیی و بێکاری و هەروەها بێ هیوایی لە ڕێژیم سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوە ناوچەکانیان، زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئەو ناوچەیە، بەتایبەتی لاوان و خوێندکاران، ناوچەکەیان بەجێ هێشتووە و لە دەورووبەری شارەکانی تاران، کەرج و شارەکانی تری پارێزگای کرماشان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باشووری کوردستان و وڵاتانی ڕۆژاوایی نیشتەجێ بوون.

بەو هۆکارانەوە، لە سەدەی ۲۱ و سەردەمی تەکنۆلۆژی و مودێڕنیتەدا، بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، بەداخەوە ئاماری نێوەنجیی ڕادەی خوێندەواریی ئەم گەورەدێی دەشتی زەهاو و ناوچەکانی دەورووبەری، پۆلی دووهەمی سەرەتاییە و هەتا ئێستاش ڕێژیم هیچ هەوڵێکی بۆ بنبڕکردنی ئەو کێشەیە لەم ناوچەیەدا نەداوە.

بە هۆی گۆڕینی دێموگرافیای ئەو ناوچەیە، هەموو زەوینە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکانی دەشتی زەهاو، لەنێو دەچن و وشک دەبن، خەڵکی ناوچەکەش لەم بارەیەوە هەردەم ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر به بەرپرسانی ڕێژیم لە شاری "سەرپێڵی زەهاو" نیشان داوە. بەڵام بەرپرسە پەیوەندیدارەکان و دەسەڵاتی ڕێژیم بەگشتی، هیچ بایەخێک بە داواکاری و ناڕەزایەتییەکانی ئەو خەڵکە نادات.