کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی خەڵکی سنە لەمەڕ بێ کیفایەتیی بەرپرسانی ئەو شارە

12:59 - 30 بەفرانبار 2721

دوای بارینی بەفر لە شارەکانی کوردستان و داخرانی ڕێگاوبان و ئەستەمبوونی هاتووەچووەکان، خەڵکی کورستان تووشی کۆمەڵێک گیروگرفت بوونە کە لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە هیچ ئاوڕێک بە کێشەکانی خەڵک نادرێتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کۆمەڵێک چالاکی مەدەنی لە شاری سنە لەمەر بێ کیفایەتی و ناکارامەیی بەرپرسانی ئەو شارە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەبەردەم شارەداریی سنە کۆبوونەتەوە.

ناڕازییان لەبەردەم شارەداریی سنە چاوەڕوانی ئەوە بوونە کە شارەدار لەسەر ئەو دۆخە وڵامی خەڵک بداتەوە، بەڵام هیچ گرینگییەکی بە داواکاریی خەڵک نەداوە و ئاوڕێکی لێ نەداونەتەوە.

دوای ئەوەیکە شەپۆلێکی بەفربارین شارەکانی کوردستانی گرتەوە، بەهۆی داخرانی ڕێگاوبانەکان و کەمیی پێداویستییەکانی ژیان خەڵک تووشی کێشە بوونە.

بەپێی زانیارییەکان ڕێگای زیاتر لە ٦٠٠ گوندی پارێزگای سنە بەستراوە و هەروەها شەقامەکان و کۆڵانەکانی سنە بەستوویەتی و هاتوچۆی خەڵکی ئەستم کردووە و بەرپرسانی شاری سنەش هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەری کێشەکە هەڵنەگرتووە.

هەروەها بەهۆی ئەو دۆخەوە لە سنە  ئارد بەسەر نانەواخانەکاندا بڵاو نەبووەتەوە و خەڵک بە دژواری نانیان وەدەست دەکەوێت.