کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی خەڵکی کرماشان لە بەرانبەر پچڕانی کارەبا

13:10 - 23 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: پچڕانی کارەبا لە پارێزگای کرماشان، لە وەرزی گەرما بووەتە هۆی ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵکی هەندێک لە شارەکانی ئەو پارێزگایە.

ڕێژیم بە هاتنی وەرزی گەرما و ناتوانی لە هەمبەر دابینکردنی کارەبای پێویست بۆ خەڵک، بەتایبەت لە ناوچە گەرمسیرییەکانی پارێزگای کرماشان، وەکوو: شارەکانی قەسرشیرین، سەرپێڵی‌زەهاو و گێڵان و سەلاسی باوەجانی، جیرەبەندیی کارەبای دەست پێ کردووە.

سەرەڕای ئەوەی کە پلەی گەرما لەو ناوچانە لە ٥٠ دەرجە تێدەپەڕێت، ئەو شارانە لە بەشی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانن، کە هەتا ئێستە لە گەرمادا لە ژێر خێوەت و لە نێو کانکسەکان دەژین و کەمترین خزمەتگوزاریان هەیە و ڕێژیمیش هەتا ئێستە نەیتوانیوە کەلوپەلی فێنککەرەوە بۆ خەڵک دابین بکات و ژیانی منداڵان و بەساڵاچووان لەو ناوچانە لەگەڵ مەترسی بەرەوڕوو بووە.

هەر لەسەر ئەو کێشە و گرفتانە، خەڵکی ئەو ناوچانە بە کۆبوونەوە لە بەردەم ئیدارەکانی کارەبا دەستیان داوەتە ناڕەزایەتیدەربڕین و داواکارن کە دابەشکردنی کارەبا بەتایبەت لە ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان بۆ حاڵەتی نورماڵی خۆی بگەڕێتەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا، خەڵک لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هاوشێوەی کەمپەین دەستیان داوەتە بڵاوکردنی وێنە و نووسراوە کە داوا دەکەن ڕێژیم کارەبای پێویستیان بۆ دابین بکات.

نموونەی هەرە بەرچاوی ناڕەزایەتییەکان لە شاری جوانڕو بووە، کە خەڵک بە کۆبوونەوە لە بەردەم ئیدارەی کارەبای ئەو شارە، بەرپرسانی ڕێژیمیان بە تاونبار زانیوە و داوایان کردووە، کە بە زووترین کات کێشەی کارەبا لە شارەکەیان چارەسەر بکرێت.

رێژیم کە خۆی هۆکاری سەرەکیی کێشە و گرفتەکانە، لە لایەک توانای چارەسەرکردنی قەیرانەکانی نییە و لە لایەکی دیکەشەوە لەسەر بیروکەی فاشیستی و دژە مرۆڤانەی لە بەرامبەر خەڵکی کوردستان کەمتەرخەمە و پەرە بە قەیرانەکان لە کوردستان دەدات.