کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە کوردستان و ئێران بەردەوامە

17:54 - 2 بەفرانبار 2721

ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە کوردستان و ئێران بەردەوامە و ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢ی بەفرانبار مامۆستایان لە چەندین شاری کوردستان و ئێران سەبارەت بە بەڕێوەنەچوونی ''گەڵاڵەی پلەبەندی'' و ''یاسای هاوسەنگکردنی مووچەکان'' ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

بەشێک لەو شارانەی کە لە کوردستان و ئێران ناڕەزایەتییان لێ بەڕێوە چووە بریتین لە: "سنە، سەقز،  بۆکان، بانە، مەریوان، ئیلام، خوڕەم ئاوا، شەهری کورد، شیراز، قوم، ئەردەبێڵ، ئەراک و قەزوین و...".

هەر لەو پەیوەندییەدا قوتابییان و خوێندکاران لە شاری مەریوان بۆ پشتیوانی لە داخوازییەکانی مامۆستایان و فەرهەنگییان، ڕۆژی پێنجشەممە لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارە کۆ بوونەوە و سەرەڕای ئەوەیکە ناڕەزایەتیی مامۆستایانیان بە مافێکی ڕەوا وەسف کرد، بە دروشمی "قوتابی، مامۆستا، یەکگرتن یەکگرتن" داوایان کرد ناڕەزایەتییەکان هەتا گەیشتن بە ئامانج بەردەوام بێت.

"محەممەد حەبیبی" وتەبێژی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایان لە ئێران وتوویەتی: "زیاتر لە ١٠٠ کەس لە چالاکانی سێنفیی مامۆستایان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن بنکە ئەمنییەتییەکانەوە بانگهێشت کراون هەتا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ڕۆژی پێنجشەممە بەڕێوە نەبەن و لە شارەکانی تاران و شیرازیش کەشێکی ئەمنییەتی بەسەر شارەکاندا زاڵ بووە".

بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەتییەکان لە پارێزگای فارس هێرشیان کردووەتە سەر مامۆستایانی ناڕازی کە لە بەردەم ئیدارەی گشتیی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لەو پارێزگایە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

مامۆستایانی لەسەرکار و خانەنشینکراو بەدوای بەڕێوەنەچوونی گەڵاڵەی پلەبەندی کە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ لە کۆمیسیۆنی پەروەردە و لێکۆڵینەوەی مەجلیس پەسەند کرابوو، هەتا ئێستا چەندین جار خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە. بەپێی ئەو گەڵاڵەیە مووچەی مامۆستایان دەبێ ٨٠ لەسەدی مووچەی مامۆستایانی زانکۆ بێت.

مامۆستایان هەڕەشەیان کردووە کە لە ئەگەری وەدینەهاتنی داواکارییەکانیان مان دەگرن و وانە ناڵێنەوە.