
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەز، بەشێک لە هاووڵاتییان لە پارێزگای "چوارمەحاڵ و بەختیاری" بۆ جارێکی دیکە، بەنیسبەت بێ ئاوی و ڕاگواستنی ئاوی ئەو پارێزگایە، لە بەردەم بینای پارێزگاری کۆ بوونەوە؛ ناڕازییان لەو کۆبوونەوەیەدا دژی ڕێژیمی ئێران دروشمیان دا.
ناڕازییان لەو کۆبوونەوەیەدا بە دروشمی "ئێرە چوارمەحاڵە، بردنی ئاو مەحاڵە" و "ڕێژیم بۆ خۆی مافیایە" دژایەتیی خۆیان بەنیسبەت ڕاگواستنی ئاو لەو پاڕێزگایە دەربڕی.
ماوەی چوار ڕۆژە هاووڵاتییان لە چەند شاری پارێزگای "چوارمەحاڵ و بەختیاری" دژ بە گواستنەوەی ئاوی ئەو پارێزگایە بۆ پارێزگاکانی "ئیسفەهان و یەزد" ناڕەزایەتی پێک دێنن.
بەپێی ئاماری فەرمیی ڕێژیم، بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە کێشەیان هەیە و ئاوی ٣٠٠ گوندی ئەو پارێزگایە بە تانکێر دابین دەکرێت.
ناڕەزایەتی لە پارێزگای "چوارمەحاڵ و بەختیاری" لە ڕۆژی یەکشەممەوە دەستی پێ کردووە و ناڕازییان پێداگرن لەسەر ڕاگرتنی پرۆژەی گواستنەوەی ئاوی ئەو پارێزگایە بۆ پارێزگا ناوەندییەکان.