کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی چین و توێژە جیاوازەکان لە ئێران بەردەوامە

23:02 - 24 رێبەندان 2721

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٢ی ڕێبەندان، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٢٢ی ڕێبەندان لەلایەن ڕێژیمی ئێران لە شارەکانی ئێران، کۆمەڵێک لە دانیشتووانی شاری "خوڕەمشەهر" لە پارێزگای "ئەلئەحواز" لەهەمبەر دۆخی خراپی ئابووری و بژێویی خەڵک و کارشکێنیی بەرپرسانی پەیوەندیداری شار، ناڕەزایەتییان دەربڕی و ڕق و تووڕەیی خۆیان لەهەمبەر ڕێژیمی ئێران لەبابەت چارەسەرنەکردنی کێشەکان نیشان دا.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕێبەندان کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی ساڵی ٩٩ی شیرکەتی "هەفت ‌تەپە"ی شاری ئەهواز لەهەمبەر دۆخی خراپی مووچە و حەقدەستی مانگانەیان، ناڕەزایەتییان دەربڕی و دەرگای شیرکەتیان بە نیشانەی ناڕەزایەتی داخست.

دۆخی خراپی ژیان لە ئێران و نەبوونی هەوڵی پێویست لەلایەن بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بووەتە هۆی ئەوەی کە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لەگەڵ کێشەی جۆراوجۆر بەرەوڕوو ببنەوە و لە بەرامبەر ئەو دۆخە خراپەدا مان بگرن و ناڕەزایەتی دەرببڕن و ڕۆژ بە ڕۆژ ناڕەزایەتی و مانگرتنەکان زیاتر پەرە بستێنن.