کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی چین و توێژە جیاوازەکان لە ئێران بەرینتر بووەتەوە

11:38 - 18 رەشەمه 2721

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەشەمە کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی شیرکەتی "موخابەراتـ"ـی ئێران لەهەمبەر دۆخی خراپی گوزەران کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

هاوکات کۆمەڵێک لە کرێکارانی وزەخانەی "نکا" لە پارێزگای "مازەندەران" لەبابەت دۆخی خراپی گوزەرانیان لە بەردەم پارێزگاریی شاری "ساری" کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ناڕازییان سەبارەت بە کەمیی مووچەی مانگانە و گوێ پێنەدان و چارەسەرنەکردنی کێشەکانیان ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا کۆمەڵێک ماسیگری بەلووچی شاری "جاسک" ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ڕەشەمە بۆ دووەمین ڕۆژ لەهەمبەر ڕاوی ماسی لەلایەن کەشتییەکانی "ترالـ"ـی چینی لە بەردەم فەرمانداریی ئەو شارە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان نیشان دا.

ئەو ماسیگرانە لەبابەت ڕاوی ماسیی کەشتییەکانی چینی کە زیانی بە بژێویی ئەو ماسیگرانە گەیاندووە، ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەشەمە کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی شیرکەتی "برقـ"ـی تاران لە بەردەم بینای شیرکەتی "برق" کۆ بوونەوە و داوای یەکسانی و نەهێشتنی جیاوازیی نێوان خانەنشینکراوانی وەزارەتی وزەیان کرد.

هەروەها هەر ئەو ڕۆژە کۆمەڵێک لە کرێکارانی شیرکەتی "پارسی جنووبی" بە وەڕێخستنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی داوای مافە پێشێلکراوەکانی خۆیان کرد.