کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە ئەشکەنجەی دەسبەسەرکراوان لە ئێراندا

18:43 - 12 خەرمانان 2720

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاگەیەندراوێکی نوێدا، هەڵسوکەوتی نەشیاو و نامرۆڤانەی لەگەڵ زیندانییانی سیاسیی لە ئێراندا مەحکووم کرد.

لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی باس لەوە دەکات کە لەدرێژەی سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨دا، هەزاران کەس لە ئێراندا دەسبەسەر کران و لە بەندیخانەکاندا ئازار و ئەشکەنجە دران و حوکمگەلێکی توندیان لەسەر درا.

ئەو ڕێکخراوە لە ڕاپۆرتی نوێی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی دادوەریی ڕێژیمی ئێران تەنانەت ڕێز لە یاسا نووسراوەکانی خۆشیان ناگرن.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە هێزە ئەمنییەتی و ئینتیزامییەکانی ڕێژیم بە پشتیوانیی بەرپرسانی دادوەرییەوە مافی بەندکراوان بە توندترین شێوە پێشێل دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، بەندکراوان گوشاری قورسیان لەسەر دەخرێت هەتا دان بە تاوانێکدا بنێن کە ئەنجامیان نەداوە و هەر بەپێی ئەو دانپێدانانە زۆرەملێیانەش بە بەندکردنی درێژماوە و تەنانەت ئێعدامیش مەحکووم دەکرێن و مافی بەرگریی ئازادانە و هەڵبژاردنی پارێزەریان نییە.

لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاندووە کە ناو و زانیاریی زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە خۆپیشاندەران و کەسانی دیکەیان لە لایە، لەوانە هەواڵنێران و پارێزەرانی مافی مرۆڤ، کە لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو خۆپیشاندانانە بەدواداچوونی کەیفەریی نادادپەروەرانەیان بۆ کراوە.

ماوەی حوکمی بەندکرانی ئەو کەسانە لە یەک مانگەوە تا ١٠ ساڵ بووە، کە بەپێی تاوانی ئەمنییەتیی بێ بنەما و ناڕوون وەکوو: "کۆبوونەوە و هاوکاری بۆ هەوڵدان دژی تەناهیی ناوخۆیی، پرۆپاگەندا دژ بە ڕێژیم، تێکدانی نەزمی گشتی و سووکایەتی بە ڕێبەریی ڕێژیم" دەرکراون.