کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی کرێکاران لە هەمبەر ڕێژیمی چەوسێنەری ئێران درێژەی هەیە

11:48 - 14 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کرێکارانی ئێرانی لە نێو چین و توێژەکانی ئێراندا، لە هەموو توێژێک زیاتر لە ژێر گوشاری ئابووریدان.

کرێکارانی گرووپی فوولادی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی سەرماوەز، ٢٥ـەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی خۆیان درێژە پێ دا و لە هەمبەر نەدانی مووچە دواکەوتووەکانی خۆیان، لە سەر ڕێگای چوارڕێیانی نادری و مزگەوتی جەزایری هەتا پارێزگاریی خووزستان خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

سەرچاوە ئاگادارەکانی کرێکارانی گرووپی پیشەی فوولادی ئێران باسیان لەوە کردووە، کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان، ڕەخنەیەک لە بەرانبەر کەمتەرخەمیی بەرپرسانی لە هەمبەر داواکارییەکانیان بووە و گرووپێک لە بنەماڵەی کرێکارانیش لەم خۆپیشاندانانەدا بەشدارییان کردووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، کۆمەڵێک لە کرێکارانی شارەداریی ئابادان ڕۆژی دووشەممە لە بەردەم شارەداریی ناوەندیی کۆ بوونەوە. ئەم کرێکارانە کە نزیک بە ٧٠ کەس بوون، لە هەمبەر دواکەوتنی سێ مانگی مووچەکەیان کۆ بوونەوە.

هەروەها ئەندامانی تەعاونی خانووبەری ئۆتووبووسڕانی و پەیمانکارەکانی شارەداریی تاران لە بەردەم بینای شۆرای شاری تاران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

پەیمانکاران و ئەندامانی ئۆتووبووسڕانیی تاران، بە کۆبوونەوە لە بەردەم شۆرای شاری تاران، بە دانی دروشمی "شارەداری تاران، تاوتوێیەک و کارێک" و "گەندەڵییەک کەم بێتەوە، کێشەکانمان چارەسەر دەکرێت" داوای بەدواداچوونی گرفت و کێشەکانیانیان کردووە.

خوێندکارانی زانکۆی ئەمیرکەبیر و کرماشانیش، بە مەبەستی پشتیوانیی لە ناڕەزایەتیی کرێکارانی ئێران، خۆپیشاندانیان بەڕێ خستووە و خوازیاری چارەسەریی کێشەکانی ئەو توێژە لە کۆمەڵگا بوون.