کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی کرێکارانی هەفت‌تەپە بە دروشمی "نەمان بۆ زاڵم، بژی کرێکار"ەوە درێژەی کێشا

11:04 - 8 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کرێکارە ناڕازییەکانی هەفت‌تەپە، ٢٤ـەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی خۆیان به دروشمی "نەمان بۆ زاڵم، بژی کرێکار" درێژە پێ دا؛ ناڕەزایەتیدەربڕینی کرێکارەکانی فوولادی خووزستانیش پێی نایە ١٩هەمین ڕۆژی خۆیەوە.

کرێکارەکانی نەیشەکەری هەفت‌تەپە، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە حاڵێکدا درێژەیان بە مانگرتنەکەی خۆیان دا، کە ڕۆژی پێشتر، فەرماندەی هێزی ئینتیزامیی شووش، به بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک هەموو چەشنە گردبوونەوەیەکی لەم شارەدا قەدەغە کردبوو.

یەکیەتیی ئازادیی کرێکارانی ئێران، لە زاری ژمارەیەک لە کرێکارەکانی هەفت‌تەپەوە نووسیبووی: که ئەندامانی شۆرای دابینکردنی ئاسایشی شووش له کۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی نوێنەرانی کرێکارەکانی هەفت‌تەپە، لە فەرمانداریی ئەم شارە، لە ڕۆژی دووشەممەدا، به هەڕەشە و گوشارهێنان، خوازیاری کۆتاییهێنانی یاسایی بە مانگرتنی کرێکارەکان بوون.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدئۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە، کرێکارەکانی هەفت‌تەپە، ڕۆژی چوارشەممە به دروشمگەلی وەک "هەفت‌تەپەیان دزی، خەریکن فیزی پێوە دەکەن"، "نەمان بۆ زاڵم، بژی کرێکار" درێژەیان به ناڕەزایەتییەکانی خۆیان داوە.

کرێکارەکانی فوولادی ئەهوازیش، ڕۆژی ڕابردوو، بە تێپەڕاندنی ١٩هەمین ڕۆژ لە ناڕەزایەتییەکانی خۆیان، لەسەر داواکردنی مووچە دواکەوتووەکانیان پێداگرییان کرد.

هەر لەم پێوەندییەدا، خوێندکارانی هونەری زانکۆی تاران، ڕۆژی ڕابردوو، ٧ی سەرماوەزی ٩٧ی هەتاوی، به بەرزکردنەوەی نووسراوەگەلێکی وەک "کرێکاری زیندانی دەبێ ئازاد بکرێت"، خوێندکار، مامۆستا، کرێکار، یەکگرتن یەکگرتن" و "نان، کار، ئازادی، ئیدارەی شۆرایی" پشتیوانیی خۆیان لە مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕینی مامۆستایان و کرێکارەکان دەربڕی.

ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەرتاسەریی لە ئێراندا، چەندین مانگه بەردەوامە و تاکوو ئێستا هیچ چەشنە گوشارهێنانێک لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە نەیتوانیوە ڕێگری لە چالاکیی یەکە سێنفییەکان بۆ گەیشتن به مافەکانیان بکات.