کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتییەکان دژی ڕێژیمی ئێران درێژەیان هەیە

12:20 - 7 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: کرێکاران و کارمەندانی ناوەند و دامەزراوە جیاوازەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دژی بەرپرسانی ڕێژیم بەردەوامن.

کارمەندانی بەشی ئیداری و خەدەماتی و پەرەستارانی نەخۆشخانەی خومەینی لە شاری کەرەج ماوەی ١٠ مانگە مووچەیان لە لایەن کارفەرماوە پێنەدراوە؛ هەروەها ماوەی ٢ ساڵیشە کە مووچەی پزیشکانی ئەو نەخۆشخانەیە نەدراوە، کە لە ئەنجامدا ئەم توێژەی شاری کەرەج دەستیان داوەتە مانگرتن.

کارمەندانی ئەو نەخۆشخانەیەی کەرەج ماوەیەکە بە نیسبەت نەدانی مووچەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە بەڵام به هۆی گوێنەدانی بەرپرسانی ئەو نەخۆشخانەیە دەستیان دایە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی.

لەو کۆبوونەوەیەدا ٢٥٠ کەس لە کارمەندانی ئەو نەخۆشخانەیە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم هیچ گرینگییەکیان بە داواکارییەکانیان نەداوە.

بە وتەی یەکێک لە بەرپرسانی ڕێژیم قەرزەکانی ئەو نەخۆشخانەیە لە نێوان ١٠ هەتا ١٢ میلیارد تمەنە. هەروەها ٣٨ میلیارد تمەنیش لە بابەتی کڕینی کەرەستەی تایبەت بۆ نەخۆشخانە قەرزدارە کە بە گشتی هەموو قەرزەکانی ئەو نەخۆشخانەیە دەکاتە ١٠٠ میلیارد تمەن.

واوێدەچێ کە ڕێژیم هیچ جۆرە پلان و بەرنامەیەکی بۆ چارەسەری کێشە کەڵەکەبووەکان پێ نییە و هیچ بایەخێکیش بۆ داواکاری خەڵک دانانێت، بەو پێیە ژیان و داهاتووی چین و توێژەکانی خەڵکی ئێران بە هۆی نەشیاوی و ناکارامەیی کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە لە مەترسیدایە.

بە هۆی قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانی ڕێژیمی ئێران و داڕمانی ئابووریی ئەو ڕێژیمە، ناڕەزایەتییە سینفییەکان لە شارە جیاجیاکانی ئێراندا ڕوویان لە زیادبونە و دەوڵەتیش هیچ وڵامێکی بۆ ناڕازییان پێ نییە.