ناڕەزایەتیی خانەنشینەکان و فەرمانبەرانی ئۆرگانە جیاوازەکانی ڕێژیم لە شارەکانی ئێران بەرانبەر بە پێنەدانی مووچەکانیان بەردەوامە.
خانەنشینکراوەکانی تەئمینی ئیجتیماعیی ڕێژیم بەپێی بانگهێشتی پێشوو لە زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستان لە بەردەم باڵاخانەکانی ڕێژیمدا درێژەی هەیە و داوای ماف و مووچەکانیان دەکەن.
ئەو ناڕەزایەتییانە لە شارەکانی وەک: "ئەهواز، خوڕەم ئاوا، یەزد، مەشهەد، ئەراک، ئیلام، ڕەشت، مەلایر، کەرەج، تەورێز و خوراسانی باکوور" و چەندین شاری دیکەی ئێران و کوردستان بەڕێوە چوو.
ئەوان لەو ناڕەزایەتییانەدا دروشمگەلێک وەک: "مووچەی ئێمە ڕیاڵییە، تێچوومان دۆلارییە؛ خانەنشینی تەئمین ئیجتیماعی لە هێڵی هەژاری گەیشتووە بە هێڵی مەرگ و تەنیا لەنێو شەقامدا مافەکانمان بەدەست دێت" دەوتەوە.
هەروەها کرێکارانی "زەوب ئاهەنی" ئیسفەهان، یەکشەممەی هەموو حەوتوویەک بەرانبەر بە دزینی مووچە و حەقدەستەکانیان لەلایەن بەڕێوەبەرانی گەندەڵەوە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن.
هەروەها لە ئیسفەهان فەرمانبەرانی "ئیدارەی پێشگرتن و چارەسەریی سەرپێچیکارانی شارەداریی ڕێژیم" لەو شارە بەرانبەر بە گۆڕینی شیرکەتی گرێبەستی فەرمانبەران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
لەلایەکی دیکەشەوە خەڵکی چوارمەحاڵ و بەختیاری بەرانبەر بە بەڕێوەچوونی پێشانگای وەرزی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
ڕێژیمی ئێران لە بودجەکانی خۆیدا کەمیی هێناوە و سندووقەکانی بەتاڵ بووە و دەیهەوێت لە گیرفانی کرێکاران و فەرمانبەران سندووقەکانی خۆی پڕ بکاتەوە.