کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا بەردەوامن

18:35 - 1 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: خەڵکی ئێران دژی کەمتەرخەمی و نابەرپرسایەتی، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دانیشتووانی شاری بووشەهر بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و بەتایبەت نەبوونی ئاوی خواردنەوە ڕژانە سەر شەقام و دژی کەمتەرخەمی و نابەرپرسایەتی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران خۆپێشاندانیان بەڕێوە برد.

بەپێی ڕاپۆرتەکان خەڵکی بورازجان، بە هۆی نەبوونی ئاوی خواردنەوە ڕژانە سەر شەقام و بە ئاگردانی تایەی ماشین ڕێگای هاتووچۆیان داخستووە.

خەڵکی ئەو شارە هەر سێ ڕۆژ جارێک ئاوی لوولەکێشیان هەیە و لەگەڵ کێشەی نەبوونی ئاو بەرەوڕوون.

سەرەڕای خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئەو شارە، وادەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە به هیچ ئاکامێک نەگەیشتووه.

ناوچەکانی ناوەندیی ئێران، لە بواری پاشەکەوتی ئاوی ژێرزەوینی و ڕووزەوینی، تووشی قەیرانی کەمئاوی بوونە و ڕێژیمی ئێرانیش بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە، بە گواستنەوەی ئاو و بەنداوسازی خەریکە ناوچەکانی دیکەی ئێران وەکوو کوردستان و باکووری ئێران، تووشی قەیران دەکات.

 چوونەسەری ٦ لەسەدی گەرمی هەوا، کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین، کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەکان بە ڕێژەی٥٠%، ڕێگریکردن لە پڕبوونەوەی سەرچاوە ئاوییە ژێرزەوینییەکان و دەیان هۆکاری دیکە دەری دەخەن کە ئێران لە سنووری قەیران تێپەڕیوە و تا ماوەیەکیتر دەبێ چاوەڕوانی قەیرانی مرۆیی بن.

بەپێی ڕاپۆرتەکان ٥٧ بەنداوی ئێران، ئاویان تێدا نەماوە و ڕێژەی ئەو ئاوانەی کە دەڕژێنە نێو بەنداوەکان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ١٥ لەسەد کەم بوونەتەوە.

بەنداوسازیی نایاسایی و نەبوونی بەرنامە و پلانی تۆکمە، لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە بارەی ئاو کێشەی جیددی بۆ خەڵک دروست کردووە.