کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا درێژەی هەیە

13:59 - 6 گەلاوێژ 2720

کرێکاران و فەرمانبەرانی پیشە جیاوازەکان لە ئێران بەرانبەر بە پێنەدانی مووچە و حەقدەست و دۆخی خراپیان لە چەندین شاردا دەستیان داوەتە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و داوای مافەکانیان دەکەن.

ڕۆژی یەکشەممە ٥ی گەلاویژ، کرێکارانی "بەشی پاراستنی هێڵی ئاسنی لوڕستان" لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە پێنەدانی مووچە و حەقدەستی چەند مانگەیان دەستیان دابووە ناڕەزایەتی و مانگرتن.

لە سەرەکیترین کێشەی ئەو کرێکارانە نەبوونی بیمەی کارییە و هەتا ئێستا دانیشتنەکانی هەیئەتی بەڕێوبەریی هێڵی ئاسنەکان لەگەڵ کرێکارانی ناڕازی هیچ ئاکامێکی نەبووە.

لەلایەکی دیکەوە ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکارانی "نەیشەکەری حەفت تەپە" پێی ناوەتە ٤٢ـەمین ڕۆژی خۆی.

ئەو کرێکارانە لە "شووش" سەر بە پارێزگای "ئەهواز" لە بەرانبەر فەرمانداریی ئەو شارەدا کۆ بوونەوە و دواتر لەنێو شووشدا ڕێپێوانی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

هەروەها بازاڕییان و کاسبکارانی "دەرگەهان و قشم" ماوەیەکی زۆرە کە کاڵاکانیان لە گۆمرۆکدا ماوەتەوە و زۆربەیان خەریکە خراپ دەبن و لەنێو دەچن و بەو بۆنەوە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

ئەو ناڕەزایەتی دەربڕینانە تەنیا تایبەت بە کرێکاران و بازاڕییان نەبووە و پەرستارەکان و کادرە دەرمانییەکانیش لەگەڵ کێشەی کەمبوون و نەبوونی مووچە و حەقدەست بەرەوڕوون.

هەر لەو پەیوەندییەدا فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی "بێهێشتیـ"ـی شیراز، گرێدراو بە "تەئمین ئیجتماعی"، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی گەلاوێژ، لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە دانانی جیاوازی لەنێوان ئۆرگانە دەوڵەتییەکان و زۆر نەکردنەوەی ٥٠ لەسەدیی مووچەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ئەو فەرمانبەرانەی نەخۆشخانەی "بێهێشتی" لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکەیاندا دروشمی "بەرپرسی بێ لییاقەت ئێستێعفا ئێستێعفا"یان وتووەتەوە.

دۆخی کرێکاران لە ئێران لەگەڵ کێشە و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم بەرەوڕوویە و ڕۆژانە کرێکاران لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە بەرانبەر بە دۆخی خراپی ئابووری و پێنەدانی مووچە و حەقدەستیان ناڕەزایەتی دەردەبڕن.