کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتییەکان هەموو پارێزگا و شارەکانی ئێرانی گرتووەتەوە

13:37 - 21 گەلاوێژ 2720

لە دوای هەرەسی بێ ئامانی گرانی، بێکاری و بارودۆخی خراپی بژێویی ژیانی خەڵک لە ئێران، لە زۆربەی شار و پارێزگاکان کرێکاران و فەرمانبەران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی گەلاوێژ، کۆمەڵێک لە کرێکارانی ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی ئەهواز  بەنیسبەت نەدانی مووچەی دواکەوتوویان لەبەر بینای ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی ئەو شارە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

بە هەمان شێوە لە "خۆی" لە پارێزگای ورمێ، کرێکارانی پاکبانی و فەزای سەوز لەبەر شارەداریی ئەو شارە لەهەمبەر نەدانی مووچەی ٥ مانگەیان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

هەروەها لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەمبوونەوەی داهاتی ٥٠ لەسەدیی نەخۆشخانەکان لە ئێران، گرفت بۆ کادری دەرمانی و  پەرستارەکان دروست بووە و هەر بەو مەبەستەش فەرمانبەرانی چەند نەخۆشخانە لە پارێزگاکانی "یەزد، خووزستان، کرمان، مەرکەزی، لوڕستان، خوراسانی ڕەزەوی و ورمێ" کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

لە درێژەی ئەو ناڕەزایەتییانەدا، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی گەلاوێژ، ٥٠٠ کرێکاری پێترۆشیمی لە "ماهشەهر"ی خووزستان مانیان گرتووە و داوای مووچەی دواکەوتوو و نەهێشتنی هەڵاواردن لەو شوێنەدا دەکەن.

هەر لەو پەیوەندییەدا کرێکارانی شیرکەتی "فلز پارس" بەنیسبەت نەدانی مووچەی ٦ مانگیان، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و داوای مافی خۆیان کردووە.

هەروەها مانگرتنی پیشەی ماشینسازیی "هێپکۆ" و نەیشەکەری "هەفت تەپە" بەردەوامە.