کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناکارامەیی شارەداریی مەهاباد ناڕەزایەتی خەڵکی لێکەوتەوە

18:00 - 1 گەلاوێژ 2720

پاشماوە و زبڵەکان لە نێو شاری مەهاباد، تەندروستیی هاووڵاتییانی خستووەتە مەترسییەوە و خەڵکی مەهاباد لە هەمبەر ئاوڕنەدانەوەی شارەداریی ئەو شارە بەنیسبەت پاک و خاوێنیی ناو شار ناڕەزایەتییان دەربڕی .

لە یەکێک لە بازاڕە سەرەکییەکانی مەهاباد زبڵ و پاشماوەیەکی زۆر لە سەر شەقام کۆ کراوەتەوە و لەلایەن شارداریی ئەو شارەوە فڕی نادرێت و بازاڕییانی ئەو شارە بەنیسبەت ئەم دۆخەوە ناڕەزایەتیان دەربڕیوە.

پاشماوە و زبڵەکان بەهۆی کەمتەرخەمی شارەداریی ئەو شارە، لە چەند شوێندا کۆ کراونەتەوە ئەمەش دۆخی تەندروستیی خەڵکی خستووەتە مەترسییەوە.

خەڵکی ئەو شارە چەندین جار بە شێوەی جیاواز ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم لەو شارە هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە هەڵنەگرتووە.

بەرپرسانی ڕێژیم لە شارەکانی کوردستاندا، خزمەتگوزاری ناکەن و بەم هۆیەوە، سیمای شارەکان تێکچووە و بووەتە هەڕەشەیەک بۆ سەر دۆخی تەندرووستی هاووڵاتییان.