کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناکۆکی و ئاڵۆزی نێوان باڵەکانی ڕێژیم پەرە دەستێنێت

16:43 - 5 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ناکۆکی و ئاڵۆزی نێوان باڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێت و باڵی توندڕەو داوای دەست لەکار کێشانەوەی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەو ڕێژیمە دەکات.

ناکۆکی و ئاڵۆزی نێوان باڵەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆی گوشارەکانی ڕۆژاوا و گەمارۆکانی ئەمریکا بەتایبەتی بۆ سەر ئێران، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرە دەستێنێت. لە درێژەی ئەو ئاڵۆزییانەدا باڵی توندڕەوی ئەو ڕێژیمە داوای دەست لەکار کێشانەوەی "محەمەد جەواد زەریف" وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیم دەکات و ڕایانگەیاندووە کە زەریف لە دیپلۆماسییەکانیدا لەگەڵ ڕۆژاوا سەرکەوتوو نەبووە و بەڵکوو دۆڕاوی ململانێکان بووە.

ماڵپەڕی مشرق نیوز، سەر بە باڵی توندڕەوی ڕێژیم لە سەر کاروبارەکانی جەواد زەریف ڕایگەیاند، هیچ هیوایەک نییە کەسێکی وەکوو زەریف لە بەرەوپێشبردنی دیپلۆماسییەکانیدا لەگەڵ ڕۆژاوا و دەزگای دیپلۆماسی پێویستی بە خوێنێکی نوێ هەیە.

ئەو ماڵپەڕە لەمبارەیەوە ڕایشیگەیاند، یەکێک لەو کەسانەی کە بە ڕاشکاونە دەتوانین وەکوو ژنڕاڵێکی دۆڕاو ناوی ببەین، "محەمەد جەواد زەریفـ"ـە و نووسیویەتی: "دەبێت دان بەو ڕاستییەدا بنێین کە زەریف لە ماوەی ئەم شەش ساڵەدا جگە لە دۆڕان و شکست زیاتر هیچ دەستکەوتێکی نەبووە، بڕیار بوو لە ئاکامی دانوستان و وتووێژەکانیدا گەمارۆکانی سەر ئێران لاببرێت، کە واتە بۆچی سەرەڕای ئەو هەمووە ئاوانسەی بەرانبەر بە ڕۆژاوا، هێشتا گەمارۆکان بەردەوام لە جێی خۆیان ماونەتەوە؟ جەنابی جەواد زەریف، ئێوە دۆڕاون و ڕۆژاوا کڵاوی لە سەرتان ناوە".

قەیرانە نێوخۆییەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە سەر سیپکردنەوەی میلیاردیی پارە و گوشاری گەمارۆکان لە سەر ئەو ڕێژیمە سەرەکیترین هۆکارەکانی ئاڵۆزی و ناکۆکییەکانی نێوان باڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن، لەمبارەیەوە ڕۆژنامەی "رسالت" لە بابەتێکدا هێرش دەکاتە سەر جەواد زەریف و نووسیویەتی: "چ کەسێک بوو بە هۆکاری بیانووی ئەمریکا بۆ گوشاری زیاتر لە سەر ئێران؟ ئەو پرسیارە دەبێت لە وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵات بکرێت تاکوو ڕوونکردنەوەی لە سەر بدات، نوێنەرانی مەجلیس قورس لە سەر ئەم پرسیارە پێداگر بن.

هەندێک لە نوێنەرە توندڕەوە دەستنیشانکراوەکانی خودی ڕێژیمیش لە مەجلیس، بە توندی ڕەخنەیان لە زەریف گرتووە و داوایان لە ناوبراو کردووە کە لە سەر تاوانبار کردنی کاربەدەستانی حکوومەتیی بەڵگەی پێویست بخاتە بەردەستی کاربەدەستانی دادوەریی و ڕایشیانگەیاند؛ ئەگەر زەریف بەڵگەی پێ نییە بۆچی بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە، ناوەندە حکوومەتییەکان و کاربەدەستانی وڵات تاوانبار دەکات، بە ڕێگای هەڵەدا چوون بیانوویەک دەبێت بۆ دوژمن تاکوو گەمارۆکانی سەر ئێران توندتر بکات.

جیا لە نوێنەرە دەستنیشانکراوەکانی ڕێژیم، سادق ئامولی لاریجانی بەرپرسی بەناو دادی ڕێژیمیش، قسەکانی وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بە خەنجەر لە دڵی نیزام وەسف کردبوو.