کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناکۆکیی جیددی ئامریکا و رێژیمی ئێران لەسەر پشکنینی دامەزراوە نیزامییەکانی ئەو وڵاتە

17:25 - 23 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: لە نێوان بەرپرسانی نیزامی و سیاسی رێژیمی ئێران و دەوڵەتی ئامریکا لەسەر چاودێری و سەردانی دامەزراوە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران ناکۆکیی جیددی هاتووەتە ئاراوە.
ئەشتۆن باڵدوین کارتێر، وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا رۆژی هەینی رێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی سی‌ئێن‌ئێندا هەڕەشەی نیزامی لە رێژیمی ئێران کردووە و رایگەیاندووە کە وڵاتی ئامریکا توانای لەناوبردنی بەرنامەی ناوکیی ئێرانی هەیە و لە درێژدەدا جەختی کردووەتەوە کە بژاردەی نیزامی سەبارەت بەو رێژیمە لەبەر دەست دایە.

کارتێر لەو وتووێژەدا باسی لەوە کرد بە بۆمبی بانکێر بێ ئەستێر کە توانای لە ناوبردنی دامەزراوە ناوکییە ژێرزەوینییەکانیان هەیە، دەتوانین بنکەی ئەتۆمی فەردۆ لەناو بەرین.

ناکۆکیی نێوان ئامریکا و رێژیمی ئێران لەسەر سەردانی دامەزراوە ناوکییەکان بۆ فەکت شیت یا لیستەی ناورۆکەکان دەگەڕێتەوە کە رێکەوتی ١٣ی خاکەلێوە لە لۆزانی سویس خوێندرایەوە.

مەسعوود جەزایەری یەکێک لە فەرماندەکانی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکان دوای ئەو لێدوانەی کارتێر دژکردەوەی توندی نیشان دا و وتی ئێمە پێشتریش بە روونی لە دانوستانەکانی بەرپرسانی ئێرانی لە چوارچێوەی نێزامدا، هەر جۆرە سەردان لە بنکە و دامەزراوە نیزامییەکان رەت دەکەینەوە.

هەروەها حوسێن دێهقان وەزیری بەرگری و پشتیوانی هێزە چەکدارەکان رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، رایگەیاند، بەرپرسانی ئامریکایی و راگەیاندەکانی ئەو وڵاتە تەفاهومی لۆزان گەورە نیشان دەدەن و ئێمە سەردانی بنکە نیزامییەکان بە هێڵی سوور دەزانین و بە هیچ شێوەیەک سەردانی ئەو بنکانە قەبووڵ ناکەین.

لەو پەیوەندییەدا عەلی خامنەیی رێبەری رێژیم رایگەیاند، بە هیچ جۆرێک بە بیانووی سەردان ناهێڵین دزە بکەنە ناو هەرێمی ئەمنییەتی و بەرگری وڵات و بەرپرسانی نیزامیی وڵات نابێ ئیزن بدەن کە بێگانەکان بە بیانووی سەردان دزە بکەنە ناو ئەو هەرێمە و پەرەسەندنی بەرگریی وڵات رابگرن.

هەواڵدەریی رویتێرز بڵاوی کردەوە، چاودێریی نێودەوڵەتی لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی رێژیمی ئێران بەپێی رێکەوتنی لۆزان ئیمکانی هەیە کە گەورەترین بەربەست بێت بۆ گەیشتن بە رێکەوتنی کۆتایی نێوان رێژیمی ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهانی.

دەوید ئاڵبێرت سەرۆکی دامەزراوەی زانستی و ئەمنییەتی نێودەوڵەتی رایگەیاند، زۆر گرینگە کە میکانیزمێک بۆ چاودێری لە هەر کات و هەر ساتێکدا ئەنجام بدرێت.

ناوبراو لە درێژەدا وتی: ئەوە بۆ ئەو رێژیمە زۆر گرانە، ئەو رێژیمە دەیهەوێت درێژە بە قاچاغی مەوادی ئەتۆمی بدات، ئەوان کەلوپەلی زۆر دەکڕن و نایانهەوێت کە چالاکییەکانی خۆیان رابگرن.

لەو پەیوەندییەدا سیناتۆرە کۆماریخوازەکانی کۆنگرەی ئامریکا لەگەڵ هەرجۆرە رێکەوتنێکی ئەتۆمی لەگەڵ رێژیمی ئێران دژایەتیان دەربڕیوە و ئاسانکاریی سەبارەت بە بەرنامەی ناوکیی ئەو رێژیمە ئەگەری دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی ئاسانتر دەکات و لە گەڵاڵەیەکدا گەمارۆی قورستر دژی ئەو رێژیمەیان ئامادە کردووە.
زۆربەی رێبەرانی پایەبەرزی ئامریکا دەستپێڕاگەیشتنی رێژیمی ئێران بە بۆمبی ئەتۆمی هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەمنییەتی جیهان لە قەڵەم دەدەن و رایانگەیاندووە کە سەقامگیری ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.
کارناسانی پرسە سیاسییەکان لەو باوەڕدان کە درێژکردنەوەی دانوستانەکان لەلایەن ئێرانەوە بە مەبەستی کڕێنی کات بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمییە و چالاکیییە گوماناوییەکانی ئەو رێژیمە دەبێ لەلایەن کۆمەڵگای جیهانییەوە رابگیرێت و پشکێنەرانی رێکخراوی وزەی ناوکی سەردانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە بکەن.

گادەر. د