کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناکۆکییەکانی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئامریکا چڕتر بووەتەوە

12:42 - 9 بەفرانبار 2720

بە هەڵکشانی ناکۆکییەکان و ئەگەری ڕوودانی تێکهەڵچوونی نیزامی لەنێوان ڕێژیمی ئێران و ئامریکا، بەتایبەت پاش ناردنی بۆمبهاوێژی "بی ٥٢" و ژێردەریایی ئامریکایی هەڵگری ١٥٠ مووشەکی "تۆم هاوک"، ئەرتشی ئیسرائیلیش مانۆڕێکی بۆ بەکارهێنانی هێزەکانی خۆی دەست پێکردووە.

بە نزیکبوونەوە لە ساڵمەرگی تێرۆریست "قاسم سلێمانی"، فەرماندەی پێشووی سپای قودسی سەر بە سپای تیرۆریستی پاسداران و لە کاردانەوە بەرانبەر بە کوژرانی "موحسن فەخریزادە"، ئەگەری هێرشگەلێکی ناڕاستەوخۆ لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە لە ناوچەکەدا بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئامریکا هەڵکشاوە.

لە بەرانبەریشدا ئەرتشی ئیسرائیل بە ئامانجی پێشگرتن و ڕاگرتنی ئامادەیی خۆی لە بەرانبەر هەر چەشنە جووڵەیەکی نیزامیی ڕێژیمی ئێران، مانۆڕگەلێکی ئەنجام داوە.

ئەو بەرەوڕووبوونەوە نیزامییە کە ڕێژیمی ئێران وتوویەتی کە بە تەواوی خۆی بۆ ئامادە کردووە، باس لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ پێشکەوتووترین چەکگەلی هەوایی و دەریایی و زەوینیی ئامریکایە کە لەم دواییانەدا نێردراوەتە ناوچەکە.

پێشتر "هایدی زیلبێرمان" وتەبێژی ئەرتشی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو: "ئیسرائیل بە چڕی چاوەدێری بەسەر سەرجەم جووڵە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا دەکات و پێشبینیی ئەوەمان کردووە کە ڕێژیمی ئێران لە عێراق یان یەمەنەوە هێرش بکات".