کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نایسەری سنە تۆزی بێ ئیمکاناتی و بێ خزمەتگوزاریی لێ نیشتووە

12:06 - 3 خەرمانان 2720

"نایسەر"ی سنە زیاتر لە ١١٠ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ خزمەتگوزاری و ئیمکاناتێکی شاریی نییە.

"نایسەر" هەتا چەند ساڵی ڕابردوو وەک گەورەترین گوندی ئیران دەهاتە ئەژمار، بەڵام ئێستا شارەکێکی سنەیە و خەڵکی ئەو شارەکە لە سەرەتاییترین ئیمکانات و خزمەتگوزاریی شاری بێبەرین.

سەرەکیترین کێشەی خەڵکی "نایسەر" کێشەی ئاو و ئاوەڕۆی ئەو شارەکەیە، ئەگەرچی لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسانی ڕێژیم چەند جارێک بەڵێنیی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەیان بە خەڵک داوە، بەڵام خەڵک لە بەڵێنیی بێ کردەوەی بەرپرسانی ڕێژیم هەراسان بوون و بە تێچووی خۆیانەوە ئاوەڕۆی ماڵەکانیان دەرکردووە.

لە هەندێک شوێنی شارەکی "نایسەر"دا چوونکە بە شێوەی ستاندارد و ئوسووڵی ئاوەڕۆ دەرنەکراوە، لە چەند کۆڵانێکدا لوولەکان تەقیون و هەتا ئێستا چاک نەکراونەتەوە.

لە نایسەر کێشەگەلێکی دیکە وەک نەبوونی زبڵدان لە شەقام و کۆڵانەکان، قیرتاونەکردن و چاڵوچۆڵی شەقامەکان، نەبوونی نەخۆشخانە، نەبوونی ئاوی خواردنەوە، نەبوونی گاز بۆ هەندێک لە ماڵەکان و... هتد، ژیانی خەڵکی زۆر زیاتر لە جاران دژوار کردووە.

خەڵکی "نایسەر" وتوویانە، بەرپرسانی ڕێژیم و شورای شار و بەناو نوێنەرانی ڕێژیمی ئێران لە پێش هەڵبژاردنەکاندا دێن بەڵێنیی چارەسەرکردنی گرفتەکان دەدەن و دوای هەڵبژاردنیش هیچ ئاوڕێک لەم شارەکە نادەنەوە.