کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نائەمن نیشاندانی کوردستان

12:07 - 27 بانەمەڕ 2719

شەهلا کاوە

کوردستان شوێنێکی نائەمنە بۆ کەسانی بیانی، کوردەکان سەر دەبڕن"!

ئەم ڕستەیە زۆر جار بیستوومانە کە زیاتر لە لایەن کەسانی غەیرەکوردەوە وتراوە و هەر کەسە بەپێی ئاستی ئاگاهی خۆی و ئەو ناسیاوی و دەرکە کە لە نەتەوەی کورد هەیبووە و بە خوێندنەوە و شیکردنەوەی ئەو بابەتە، بیروڕاکان جیاوازن لەو بارەوە. زۆربەی ئەو کەسانەی لەو بابەتە کورد بە پیاوکوژ دەزانن، خزمێکی نزیک یان ئەندامێکی بنەماڵەکەیان لە کوردستان جەللاد و سەرکوتکەر بووە و لە لایەن ڕۆڵە شۆڕشگێرەکانی کوردەوە بەسزای کاری چەپەڵی گەیندڕاوە، ئەوی نەیارانی کورد مەبەستیانە ناشیرینکردنی ڕوخساری ئازادیخوازانی نەتەوەی کوردە، بۆ ئەوەی بەڵگەیەک بەدەستیانەوە بێت هەتا بیروڕای دەرەوە بە قەناعەت بگەینن کە ماڤی خۆیانە سەرکوت بکەن. بەمجۆرە دەیەوێت بۆ مانەوەی هەرچی زیاتری خۆی بیر و هەناسەی ئازادیخوازیی نەتەوەی کورد بە زەبری و زۆری چەکی بخنکێنێت.

نەک هەر دوژمنانی کورد، هێندێک جار ئەو کەسانەی کە لە باری سیاسییەوە بێلایەن یاخۆ بە ­لای سیاسەتا نەچوونە بەبێ هۆکار و کوێرکوێرانە سڵ لە کوردستان دەکەنەوە و لێ دەترسن دیارە دوو ئامانجێکی هەرە گرینگ لە پشت ئەم کارەدا هەیە، یەکەم ئەوەی کە بە وەها پرۆپاگەندەیەکی ناڕاست کەسانی غەیرەکورد بەتایبەت سەرمایەداران لە کوردستاندا سەرمایەگوزاری نەکەن و میللەتی کورد لەو کارە پشکێکی بەر نەکەوێت و دووهەم ئەوەی کە پاساوێکی هەبێت بۆ کۆشتن و بێسەروشوێنکردنی لاوانی کورد و ملیتاریزەکردنی شار و سنوورەکانی کوردستان و لەو ڕێگایەوە ڕێگری لە جووڵەی هێزی پێشمەرگە بۆ نێو خاک و خەڵکی خۆی بکات، چۆنکە دەترسێت و باش دەزانێ خۆشەویستی پێشمەرگە لە نێو خەڵکی خۆیدا چ هێزێکی لەشکاننەهاتووە.

وەک دیارە کوردستان سروشتێکی جوان و دڵرفێن و ئاو و هەوایەکی چوار فەسڵ و سازگاری هەیە.هەموو ئەو گەشتیارانەی ڕوو لە کوردستان دەکەن بە جوانی لەو ڕاستییەی گەیشتوون کە میللەتی کورد بە ڕادەیەک دڵکراوە و غەریبدۆستە کە زۆر جاریش لەو بارە زیانی بەر کەوتووە و مێهربانی لەڕادەبەدەری بووەتە هۆی ئەوی دەستی ڕەشی نەیار بە خوێنی کورد سوور بێت.

لە ئیسفهان ئەسیدپاشی دەکرێت لاوانی کورد زۆر بە نیگەرانییەوە لەسەری دەدوێن و مەحکوومی دەکەن و ساختمانی پڵاسکۆ ئاگر دەگرێ کورد دڵی لە گەڵیدا دەسووتێ و دەیکاتە بابەتی تۆرە کۆمەڵایەتیەکانی و بە دەیان و هەزاران نموونە هاودەردی لەگەڵ کارەسات ونەهامەتی نەتەوەکانی دیکە دەردەبڕن.

بەڵام کوا مووشەکباران و ئێعدام و سزای قورس و ناڕەوای زیندانی  و بێسەروشوێنکردنی ئازادیخوازانی کورد بۆ ئەوان گرینگە. ئایا بەتاڵانبردنی ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستان کە دەرخەری چەندیەتی و چۆنیەتی ڕابردووی میللەتی کوردە بۆ کەسێک گرینگە. کوردستان کە لە بواری سەرچاوە سروشتییەکانەوە دەوڵەمەندە. ئایا سوودی ئەو ئەو سامانە نەتەوەیییە دەچێتە سەر سفرەی بنەمەڵە هەژار و برسییەکان؟ منداڵێکی کورد لە دایک دەبێت تا دەچێتە قۆتابخانە لە هەموو شتەکان تێدەگات و چێژی لێ دەبینێت کە چی زۆر زوو ئەو شیرینیەی لەگەڵ زمانی نامۆی نێو قۆتابخانەی کە لە زاری مامۆستایەک دێتە دەر لێ وەر دەگیرێتەوە. هەر لەگەڵ دەسپێکی فێربوونی ئەلفوبێدا لەگەڵ کێشە و سەرلێشێواوی دەروونی بەرەوڕوو دەبێتەوە. ناچار دەکرێت لەو تەمەنە کەمەدا دوو دنیای جیاواز لە ئاخاوتن بۆ خۆی وێنا بکات.  بە دەیان نموونەی دیکە کە دەرخەر و سەڵمێنەری ئەو ڕاستییەن کە میللەتی کورد چەوساوە و ژێردەستەی ئەو ڕێژیمەیە کە چی هێشتا کورد بە یاخی و کوردستان بە نائەمن ئەژمار دەکەن. لە ڕوانگەی ئەوانەوە داوای ڕەوای کورد ئاژاوەگێڕی و جیاییخوازییە.

داگیرکەرانی کوردستان بە باڵای مێژووی پڕ لە شوورەیی و پێشڵکاری خویاندا دەخوێنن کە چی ئەگەر دوو وشەی بژی کوردستان و بژی کورد لە هەر جێگاییەک بنووسرێت ناوی دەنێت دژبەری خودا و پیرۆزییەکانی ئیسلام، یا لە زاری هەر کەسێکەوە بێتەدەر بە تۆندترین شێوە لەگەڵی هەڵسوکەوت دەکرێت.

لافاو لە ناوچەی لوڕستان دەدات یەکەم لایەنێک کە پێویستە خەمخۆری خەڵک و شوێنی زیاندیتوو بێت و لە باری لۆجێستیکی و دڵگەرمی دەروونی و گەڕانەوەی هیوا بۆ ژیانیان دەستیان بگرێت و کاریان بۆ بکات هەتا ئەو کارەساتە سروشتیەی کەمترین شوێنەواری نیگەتیڤی بەسەر ژیانیانەوە هەبێت لە قۆناغی یەکەمدا دەبێت خودی حکوومەتی ئیسلامی بێت، بەڵام نەک هەر دەرەوست نییە بەڵکوو دژایەتی هاوکاری و هاودڵی خۆڕسکی خەڵکیش دەکات. ڕێژیمی ئێران، وڵاتانی عێراق و لوبنان و فلستین و هتد لە چوارچێوەی قازانجە چەپەڵەکانی خۆیدا کردووەتە مەیدانی ئاژاوەگێڕی خۆی و لایەنێک بە دژی لایەنێکی دیکە پڕچەک دەکات، لە هەر کوێ شێعەیەک هەبێت ئەو دەستێوەردان و کێشەیەک ساز دەکات. هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بووتە سەرچاوەی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین هەموو مافێک لە نەتەوەکانی ئێران وەک کورد، تورک، عەرەب، بەلووچ دەکات و ئەو داهات و سەرماییەی کە پێویستە بۆ ئاوەدانی و ئاسایش و خۆشبژێوی ئەو خەڵکە هەژارە سەرفی بکات لە دەرەوە بۆ گرووپە تێرۆریستییەکانی خەرج دەکات. کەچی زۆر ڕووهەڵماڵاوانە خۆی بە پارێزەری مافی مرۆڤ دەزانێت و چوونی پێشمەرگە بۆ نێو خەڵکی خۆی و تیکەڵاوبوونی پێشمەرگە و خەڵک بە دەستێوەردانی تێکدەرانە و هۆکاری تێکدانی وڵات ناو دەبات. بۆ هەر یەک پێشمەرگە چەند بەکرێگیراو و هێزێکی پۆشتە و پەرداخ بە کەرەستەی نیزامی قورسەوە تەرخان دەکات و لەسەر خاکی باوباپیرانیان خوێنیان دەرێژێت. لێرەدا بەسەرنجدان بەو چەند خاڵە ئەم پرسیارانە دێنە پێشەوە، کە کێ شەڕخواز و داگیرکارە و کێ ئازادیخوازە؟ کێ بەدوای ئەمنییەتی خەڵکەوەیە و کێ دژبە ئەمنییەت و ئارامی؟

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.