کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نائەمنبوونی ئاسمانی ئێران، زیانی ئابووریی بەو وڵاتە گەیاندووە

11:44 - 24 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: گرژییەکانی نێوان ئامریکا و ڕێژیمی ئێران و کەوتنەخوارەوی فڕۆکەی ئۆکراینی لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە، ئاسمانی ئێرانی نائەمن کردووە و بەم هۆیەوە زیانێکی زۆر بە پیشەی هەوانەوەردیی ئیران گەیشتووە.

تاوتوێی ماڵپەڕە نێونەتەوەییەکان کە ترافیکی هەوایی وڵاتان نیشان دەدات، دەریخستووە کە ژمارەی گشتە ئاسمانییەکان بەسەر ئاسمانی ئێراندا بە ڕادەیەکی زۆر دابەزیوە.

ماڵپەرەکانی ئێران نیوە بوونی ئەم ترافیکانەیان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕاگەیاندووە.

کەمبوونەوەی فڕینی فڕۆکەکانی وڵاتانی دیکە بەسەر ئاسمانی ئێراندا، زیانێکی زۆری بە ئابووریی شیرکەتی فڕۆکەخانەکان و ناوبەریی ئێران گەیاندووە.

بەپێی ڕێسا نێونەتەوەییەکان، هەر فڕۆکەیەک کە بەسەر ئاسمانی ئێراندا تێپەڕێت، دەبێ بەپێی ڕێژەی مانەوە لە ئاسمان و کێشی فڕۆکەکە بڕی پارەیەک بە شیرکەتەکانی فڕۆکەخانەی ئەم وڵاتە بدات.

دوای کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی و هۆشداریی وڵاتان بۆ دەورلێدانەوەی ئاسمانی ئێران، کارناسان باس لە دابەزینی جیددیی داهاتی شیرکەتی فڕۆکەخانەکانی ئێران دەکەن کە دەتوانێت زیانێکی زۆر بە پیشەی هەوایی ئێران بگەیەنێت.

بەرپرسانی ئەم بوارە دەڵێن: "٦٨ لەسەدی داهاتی شیرکەتی فڕۆکەخانەکان لە ئێران لە ڕێگای ئەو گەشتە ئاسمانییانەی کە بەسەر ئاسمانی ئێراندا تێدەپەڕێت و ٢٠ لەسەدیش لە خزمەتگوزارییە هەوانەوەردییەکان پێک دێت".

هەروەها جگە لە زیانە ئابوورییەکان بۆ سەر پیشەی هەوانەوەردیی ئێران، خەسار و زیانێکی زۆریش وەبەر پیشەی گەشتیاریی ئێران کەوتووە.

 دوا بە دوای هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئامریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان و خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی موسافربەریی ئۆکراینی لە نزیکیی تاران لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە، زۆربەی وڵاتان گەشتە ئاسمانییەکانی خۆیان بەسەر ئاسمانی ئێراندا هەتا کاتێکی دیاریکراو ڕاگرتووە و هەروەها ٧٠ لەسەدی تۆڕی گەشتیاری بۆ نێو ئێران هەڵوەشاوەتەوە.