کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نتانیاهوو: بژاردەی هێرشی دەستپێشخەرانەمان بۆ ئێران لەسەر مێزە

17:39 - 8 رەزبەر 2720

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریی داوە کە بژاردەی هێرشی دەستپێشخەرانەی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئێران هەتاکوو ئێستاش لەسەر مێزە.

ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەزبەر، "بنیامین نتانیاهوو" سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە وتاربێژییەکدا بەبۆنەی ساڵڕۆژی شەڕی ساڵی ١٩٧٣ لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژئاواییدا، ئەو هەڕەشەیەی لە ئێران کردووە.

ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە نتانیاهوو لەو ڕێوڕەسمەدا وتوویەتی: "ئەگەر پێش دەستپێکردنی شەڕی ئەو ساڵە هێرشی دەستپێشخەرانەمان کردبا، شەڕی یووم کیپۆر ڕەوتێکی دیکەی دەبوو".

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە ڕاستییەکە کە "هێرشی دەستپێشخەرانە کارێکی ئەستەمە"، بەڵام بە چاولێکردن لە ئەزموونەکانمان لە شەڕی ساڵی ١٩٧٣، ئیسرائیل فێر بووە بۆ پاراستنی خۆی هەر کارێک ئەنجام بدات و لەو پێناوەشدا هێرشێکی دەستپێشخەرانە دوور لە چاوەڕوانی نییە.

ئیسرائیل بەردەوام و بەشێوازی جیاواز هەڕەشەی لە ئێران کردووە کە هێرش دەکاتە سەری.

نتانیاهوو ساڵی ڕابردوو لەکاتێکدا لە پەنای فڕۆکە شەڕکەرە ئێف٣٥ـەکانی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی ڕاوەستابوو کە لە ئامریکای وەرگرتبوو، هەڕەشەی لە ئێران کردبوو و وتبووی کە ئەم فڕۆکانە دەتوانن بڕۆنه هەر خاڵێک کە بمانهەوێت.