کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی ئاو، بەرق و گاز لە پارێزگای سنە زیاتر لە نێونجیی وڵاتە

12:37 - 9 پووشپەڕ 2720

نرخی ئاو، بەرق، گاز و سووتەمەنی لە پارێزگای سنە تا ئاستێک چووەتە سەرەوە کە لە ئاستی نێونجیی وڵات زیاترە و ئەمە گەورەترین هۆکاری هەڵاوسان لەو پارێزگایەیە.

بەپێی وتەکانی "مەسعوود سالمیی بۆکانی"، جێگری ئامار و زانیارییەکانی ڕێکخراوی بەڕێوبەری و بەرنامەداڕێژیی پارێزگای سنە، نرخی ئاو و بەرق و گاز لە پاریزگای سنە، بە ٥٣.٨ لەسەدەوە زیاتر لە نێونجیی وڵاتە.

نرخی ئاو، بەرق، گاز و سووتەمەنی، بەشی هەرەگەورەی هەڵاوسان لەو پارێزگایەدا پێک دێنیت.

نرخی ئەو پێداویستییە سەرەکییانە لە تەواو وڵاتدا مەنفی ٢.٢ لەسەدە و پارێزگای سنە بەتەنیا خۆی ٥١.٦ لەسەدە کە ئەمە نیشاندەری چوونەسەرەوە و هەڵاوسانی ٥٣.٨ لەسەدیی نرخی ئاو، بەرق و گاز لەو پارێزگایەدایە.

"سالمی" هەروەها ڕایگەیاندووە کە هەڵاوسانی مانگانەی پارێزگای سنە ٥.٥ لەسەد چووەتە سەرەوە و هەروەها نان و دانەوێڵە لە پارێزگای سنەدا ١٣.٤ لەسەد چووەتە سەرەوە کە لە بەراورد لەگەڵ نێونجیی وڵات کە ٦.٧ لەسەدە، ٧.٣ لەسەد زیاتر بووە.

هەروەها نرخی گرووپەکانی گۆشت و میوەجات و باقیی پێداویستییەکانیش لە پارێزگای سنە، لە ئاستی نێونجیی وڵات لە سەرەوەتردایە.

پارێزگای سنە بەردەوام یەکێک لەو پ ارێزگایانە بووە کە زیاترین نرخی هەڵاوسانی لە وڵاتدا بووە کە هەبوونی هەڵاوسانی ئابووری، لێکەوتەگەلێکی دیکەی وەکوو هەژاری، بێکاری، پەراوێزنشینی، سواڵکەری و کۆمەڵێک کێشەی کۆمەڵایەتیی تریشی بەدواوە دەبێت.

ڕێژیم بە شێوەی پیلان بۆ داڕێژراو هەڵاوسانێکی هەوسارپچڕاو لە پارێزگاکانی کوردستاندا دەخولقێنێت، بۆ ئەوەی کە پێش بە گەشەی پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بگرێت و خەڵک لە هەژاریدا نوقم بکات.