کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی بێکاری لە سیستان و بەلووچستان لە نێوان ٤٠ تا ٦٠ لەسەددایە

12:52 - 6 جۆزەردان 2720

بەناو نوێنەری شاری زاهیدان لە مەجلیسی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە لە هەندێک لە ناوچەکانی "سیستان و بەلووچستانـ"ـدا نرخی بێکاری زیادی کردووە و لە نێوان ٤٠ تا ٦٠ لەسەددایە.

"عەلیم یارمحەممەدی"، بەناو نوێنەری شاری زاهیدان لە مەجلیسی ڕێژیمدا وتوویەتی: "لە کۆشکی قەند و نەیشکەردا نرخی بێکاری نزیکەی ٦٥ لەسەد و لە چابەهار و زاهیداندا گەیشتووەتە سنووری ٤٠ لەسەد".

ناوبراو هەروەها زیادی کردووە کە لە "ئێرانشار" نزیکەی ٤٠ لەسەد و لە زاهدان ٢٠ تا ٢٥ لەسەدی خەڵک بێکارن.

سیستان و بەلووچستان یەکێک لە بێبەشترین پارێزگاکانی ئێرانە کە ڕێژیم لە چوار دەیەی ڕابردوودا کەمترین سەرمایەدانەریی دەوڵەتیی تێدا ئەنجام داوە و جگە لە بێکاریی بەربڵاوی خەڵک، ئەو پارێزگا لەگەڵ کەمیی ناوەندە دەرمانی و فێرکارییەکانیش بەرەوڕوویە.

ئەو نوێنەرەی ڕێژیم هەروەها دانی بەوەدا ناوە کە ئامارەکان نیشان دەدەن کە لەو ناوچانەدا نە پیشە و نە کشتوکاڵ بوونی نییە.

"یارمحەممەدی" هەروەها وتوویەتی کە نەبوونی پێشکەوتن و بێکاری لە بەشگەلێک لەو پاریزگایە لە جیهاندا بێوێنەیە.

خەڵکی پارێزگای سیستان و بەلووچستان یەکێک لە پارێزگا پەراوێزخراوەکانی ئێرانە و ڕێژیم هیچ ئاوڕێک لە دۆخی خەڵکی ئەو پارێزگایە ناداتەوە و تەنانەت ئەگەر خەڵکانێکیش ناڕەزایەتی دەربڕن لەگەڵ سەرکوتی ڕێژیم بەرەوڕوو دەبنەوە.