کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی بێکاری لە کرماشان لە نێونجی هەموو ئێران زیاترە

12:29 - 3 رێبەندان 2719

نرخی بێکاری لە کرماشان بەنیسبەت نێونجی هەموو ئێران، ٧.٥ لەسەد زیاترە و بەگشتی پارێزگا و شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات سەرترین ئاماری بێکارییان لەنێو ئێراندا هەیە.

بە سەرنجدان بە ئامارەکانی ناوەندی ئاماری خودی ڕێژیمی ئێران، تا کۆتایی ئەمساڵ، نرخی بێکاری لە نێوان کەسانی ١٥ ساڵ بۆ سەرەوە لە وڵاتدا ٥.١٠ لەسەد بووە.

بە چاوخشاندنێک بە ئاماری بێکاریی شارە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ڕۆژئاوای ئێران، دەردەکەوێت کە نرخی بێکاری لەو پارێزگایانەدا، زیاتر لە ئاستی نێونجیی وڵاتە.

نرخی بێکاری لە پارێزگای کرماشان، پاییزی ئەوساڵ ٣.١٦ لەسەد بووە، کە ٧.٥ لەسەد بەنیسبەت نێونجیی هەموو وڵات زیاترە کە سەرترین ئاماری لە نێوان پارێزگاکانی ئەو وڵاتەدا تۆمار کردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، فەرمانداری سەردەشت، نرخی بێکاریی لەو ناوچەیەدا ٢٣ لەسەد، وتوویەتی، بە داخستنی ڕێڕەوە سنوورییەکانی ئەشکان و قاسم ڕەش، ئەو ڕێژەیە هەڵکشاوە".

فەرمانداری پیرانشاریش لەو بارەیەوە وتوویەتی، بێکاری لەو شارەدا پلەی ١٣ی لە پارێزگاکەدا هەیە کە ئەمە دۆخێکی گونجاو نییە.

پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەگشتی بەهۆی سیاسەتە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکانی ڕێژیمەوە بەردەوام پلەکانی یەکەم تا سێهەمیان لە نرخی بێکاریدا هەیە.

ئەو دۆخە بەهۆی نەبوونی بەرنامە و پلانێکی تایبەت بۆ گەشەی ئابووری و پێشکەوتووی کۆمەڵگا و پیشە و بازاڕ لەلایەن ڕێژیمەوە بەدی هاتووە.