کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی خواردنەکان بەپێی پووشپەڕی ساڵی پێشوو ٧٠ لەسەد هەڵکشاوە

13:46 - 2 گەلاوێژ 2721

ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران لە نوێترین ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا باسی لە هەڵکشانی ٥٩.٦ لەسەدیی نرخی خۆراکییەکانی لە پووشپەڕی ئەمساڵدا بەپێی ڕێکەوتی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو کردووە.

ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران لە چەند حەوتووی ڕابردووەوە دەستپێڕاگەیشتنی بەکارهێنەرانی ئینتێرنێتی لە دەرەوەی وڵات بە زانیارییەکانی خۆی داخستووە، بەڵام هەواڵدەریی ئیسنای ڕێژیم تەنیا بەشی گشتیی ئەو ڕاپۆرتەی بڵاو کردووەتەوە کە ئیدعا دەکات هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە مانگی پووشپەڕ بەنیسبەت ماوەی هاوشێوەی ساڵی ٩٩،  ٤٣.٦ لەسەد بووە.

بەم شێوەیە نرخی خۆراک بەنیسبەت بوارەکانی دیکە لەوانە خزمەتگوزاریی ماڵ و یەکەی نیشتەجێبوون زۆر لە سەرتر بووە.

نرخی هەوڵاوسانی ساڵانە بۆ بنەماڵە شارنشین و گوندنشینەکان بە ڕیز ٤٣.٧ و ٤٣.٣ لەسەد بووە و بەم پێیە چوونەسەرەوەی نرخەکان لە گوندەکان زیاتر لە شارەکان بووە.

بەپێی هەڵسەنگاندنی سندووقی نێونەتەوەیی پارە، ئێران لە ساڵی ٩٩دا پاش ڤێنێزۆئێلا، زیمبابۆوە، سوودان، سوورینام و لوبنان زۆرترین نرخی هەڵاوسانی لە جیهاندا بووە و ئەمساڵیش دۆخی خراپتر دەبێت.