کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی خواردەمەنییەکان لە ئێران و کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ گرانتر دەبن

12:14 - 13 بانەمەڕ 2722

زۆربەی خواردەمەنییەکان لە ئێران و کوردستان لە یەک ساڵی ڕابردوودا ١٢٠ لەسەد گرانتر بوونه.

"عەبدی ئیفتخاری" بەڕێوەبەری ئەنجومەنی دانەوێڵەی ئێران وتوویەتی: "لە ساڵی ڕابردوو هەتا ئێستا، نرخی کیلۆیەک دانەوێڵە لە ئێران بە شێوەی نێونجی گەیشتووەتە ٥٠ تا ٧٥ هەزار تمەن هەروەها نرخی بەشێک لەو بەرهەمانە ٧٠ تا ١٢٠ لەسەد بەرز بوونەتەوە".

نرخی دانەوێڵە لە حاڵێکدا بەرز بووەتەوە داواکاریی بنەماڵە هەژارەکان بۆ مەسرەفی دانەوێڵە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زیاتر بووە.

هەروەها بەهۆی گرانیی ئارد ڤنرخی جۆرەکانی ماکاڕۆنی لە یەک شەودا سێ بەرابەر گرانتر بووە.

ماکاڕۆنییەکی ٥٠٠ گڕەمی بووەتە ١٧ هەزار تمەن، ٧٠٠ گڕەمی ٢٤ هەزار تمەن و یەک کیلۆ ماکاڕۆنیش بووەتە ٣٤ هەزار تمەن.

گرانبوونی نرخی خواردەمەنییەکان لەگەڵ داهاتی خەڵک بەرابەر نییه.

"شەهریار حەیدەری" ئەندامی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی ڕێژیمی ئێران وتبووی: "گرانی لە بازاڕدا هیچ پێوەندیی بە وڵاتانی ڕۆژاوایی نییە و تەنیا کێشە ئەوەیە بەرپرسەکانی ئێمە بێ کیفایەتن".