کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی خواردەمەنییەکان لە ١٩%ەوە تاکوو ١٠٠% زیادیان کردووە

13:09 - 19 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بانکی ناوەندیی ڕێژیم لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا تایبەت بە یەک ساڵی ڕابردوو تاکوو کۆتایی ٩ی خەرمانانی ئەمساڵ ئاشکرای کردووە کە نرخی خواردەمەنییەکان لە ١٩%ەوە تاکوو ١٠٠% زیادیان کردووە.

بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی بانکی ناوەندیی ڕێژیم، نرخی زۆربەی ماددە خۆراکییەکان لە ٩ی گەلاوێژەوە تاکوو 9ی خەرمانان زیادی کردووە کە لەو نێوانەدا قەند و شەکر زیادبوونی ١٩%یان ئەزموون کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە نرخی شیرەمەنییەکان ٦/١٨%، برنج ٧/١%، مریشک ٥/١٧%، میوە ٥/٥%، لە ماوەی یەک حەوتووی سەرەتای خەرماناندا گرانتر بوون.

هەر بەپێی ئەم ڕاپۆرتە نرخی ماددە خۆراکییەکان لە خەرمانانی ساڵی ڕابردووەوە تاکوو خەرمانانی ئەمساڵ بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر زیادیان کردووە کە وەک نموونە تەنیا باسی لە نرخی میوە کردووە کە دەڵێ ١٠٠% زیادی کردووە..

بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردووش نرخی شیرەمەنییەکان ٤/٣٨%، هێلکە ٨/٥١%، برنج ٤/١٢%، دانەوێڵە ١/٣%، میوە ١٠٠%، سەوزی ٣٤%، گۆشتی سوور ١٦%، گۆشتی مریشک ٧/٣٤%، قەند و شەکر ٩/٢٢%، چای ٦/٢٢% و ڕۆن ٨/١٠% گەشەیان کردووە.

ئەگەرچی لەم ڕاپۆرتەدا هیچ ئاماژەیەک بە بەرزبوونەوەی نرخی خزمەتگوزارییەکان، خانوبەرە، پێداویستییەکانی وەک جلوبەرگ، چارەسەرییە پزیشکییەکان و خزمەتگوزارییە فێرکارییەکان نەکراوە بەڵام خودی باس کردن لە نرخی خواردەمەنییەکان دەریدەخات کە دۆخی ئابووریی ئێران و خەڵکی نیشتەجێ لەم وڵاتە چۆنە.