کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی خەرجی مانگانەی هەر بنەماڵەیەک لە ئێران گەیشتە نزیک بە ٧ ملیۆن تمەن

18:42 - 10 پووشپەڕ 2720

هەر بنەماڵە لە ئێران بۆ کڕینی پێداویستیی یەک مانگی، دەبێ لانیکەم ٦ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن لە مانگدا داهاتی هەبێت.

"فەرامەرز تۆفێقی" سەرۆکی کۆمیتەی حەقدەستی شورای ئیسلامیی کاری ڕێژیم وتوویەتی، لە ئێران بۆ کڕینی پێداویستییە پێویستەکانی ژیانی بنەماڵەیەکی سێ چوارکەسی، دەبێ لانیکەم لە مانگدا ٦ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن داهاتی هەبێت.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم وتوویەتی، خەڵکی ئێران لەوپەڕی هەژاری و بێ بژێویدا ژیان بەسەر دەبەن.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم وتوویەتی، چوونەسەرەوەی نرخی بژێویی ژیان و بێداهاتیی خەڵک، کەلێنێکی گەورەی چینایەتیی بارهێناوە کە دەوڵەمەند ڕۆژبەڕۆژ دەوڵەمەندتر و هەژاریش گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی.

پێشتر بەرپرسانی ڕێژیم باسیان لەوە کردبوو کە ئێمە بارودۆخ و گوزەرانی خەڵک سازماندەیی و باشتر دەکەین بەڵام ئەو بەڵێنییەی بەرپرسانی ڕێژیم تەنیا بۆ خۆڵ لەچاو خەڵک کردن بووە و دوورە لە ڕاستی.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەر ڕۆژە خەڵکی ئێران شاهیتی گرانی و چوونەسەرەوەی نرخی کەلوپەلەکانی ژیانن و بەرپرسانی ڕێژیم ڕایانگەیاندووە کە دەبێ خەڵکی ئێران چاوەڕوانی گرانتربوونی کەلوپەلەکان بن لە بازاڕەکاندا.