کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی دراوە بیانییەکان لە ئێراندا دووبارە ڕوویان لە هەڵکشانە

12:59 - 20 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: نرخی دراوە بیانییەکان لە بەرانبەر ڕیاڵی ئێراندا، جارێکی دیکەیش هەڵکشانیان بە خۆوە بینی.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، هەر یەک دۆلاری ئامریکا لە بازاڕی نافەرمیی ئێراندا، لە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٩ی بانەمەڕدا، ١٥ هەزار و ٦٥٠ تمەن مامەڵەی پێ کراوە.

هەروەها لەم ڕۆژەدا، هەر یۆرۆیکیش گەیشتووەتە ١٧ هەزار و ٥١٠ تمەن.

نرخی سکەی تەڵایش (تەرحی نوێ) لە بازاڕەکانی ئێراندا بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینی و گەیشتە ٥ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار تمەن.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، ئەگەرچی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردووەوە، هەڵسوکەوتی توند و ئەمنییەتییان بۆ کونتڕۆڵی بازاڕ گرتووەتە بەر و پێشیان بە مامەڵەی ئازادی دراو گرتووە، بەڵام دوای پەسەندکردنەوەی خولی دووهەمی گەمارۆوە ئابوورییەکان دیسانەوە نرخی دۆلار بەرز بووەوە.

کارناسانی ئابووری، بەگشتی هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و بێبایەخبوونی تمەن بە کاریگەریی گەمارۆوەکانی ئامریکا دەزانن و ڕێژیمیش کە توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی نییە، ناتوانێت بازاڕی دراو کونتڕۆڵ بکات و لە درێژەی ئەمساڵدا دەیان جار بازاڕی دراوی ئێران تووشی هەڵکشان و داکشان بووە.

بەرپرسانی ڕێژیم، بەتایبەتی بانکی ناوەندیی ئێران، بە بەردەوامی دروشمی ئەوە دەدەن، کە بازاڕی دراو لە کۆنتڕۆڵیانە و بەرنامەی تایبەتیان هەیە بۆ پڕبایەخکردنی تمەن لە ئێراندا، بەڵام لە بازاڕدا دەبینرێت، نەتەنیا لە کۆنتڕۆڵیاندا نییە، بەڵکوو هیچ بەرنامەیەکیشیان بۆ چارەسەریی قەیرانی ئەرز نییە.