کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی دۆلار بەردەوام ڕووی لە هەڵکشانە

13:10 - 13 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران، بە شێوەی سەرسۆرهێنەر، سنووری ١٣هەزار تمەنی بەزاندووە.

لە ڕۆژی ڕابردوودا، ڕێکەوتی ١٢ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، نرخی دۆلار و سکە لە بازاڕەکانی ئێران بەردەوام ڕوویان لە زیادبوونە و بەپێی دوایین هەواڵەکان نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران بە بەزاندنی سنووری ١٣هەزار تمەن، گەیشتووەتە ١٣٢٠٠ تمەن.

هەروەها نرخی سکە لە بازاڕی ئێراندا، گەیشتووەتە ٤ میلیون و ٧٠٠ هەزار تمەن و بەگشتی نرخی زێڕ و دراوە بیانییەکان بەردەوام ڕووی لە زیادبوونە و بەرپرسانی ڕێژیم لە کونتڕۆڵکردنی بازاڕی ئەرز دوشداماون.

ئەمە لە حاڵێکدایە، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بانکی ناوەندیی ئێران، نرخی هەڵاوسان لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا ٥/٥ لەسەد بەرز بووەتەوە، کە بەرزترین نرخی خاڵ بە خاڵی هەڵاوسان لە ٢٠ ساڵی ڕابردووە و بەردەوامبوونی ئەو زیادبوونەی نرخی هەڵاوسانی ساڵانە دەگاتە ٥٠ لەسەد.

کارناسانی ئابووری لەو باوەڕەدان کە بە بەرزبوونی هەر ١٠ لەسەد نرخی ئەرز، ٢ لەسەد نرخی هەڵاوسان زیاد دەبێت، لە حاڵێکدا کە لە مانگەکانی ڕابردوو بازاڕی ئێران بەرزبوونەوەی ٢٠٠ لەسەدی بە خۆیەوە بینیوە.

گەمارۆوەکانی ئامریکا و کشانەوەی ئەو وڵاتە لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئابووریی ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی ئەرز داناوە، لە حاڵێکدا بەشی دووهەمی گەمارۆوەکانی ئامریکا لە ١٣ی مانگی داهاتوو دەست پێ دەکات.