کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی دۆلار بەرەو هەڵکشانی زیاتر دەڕوات

13:16 - 24 پووشپەڕ 2720

بەهۆی گەندەڵیی سیستماتیکی ئابووریی دەزگا ماڵییەکانی ڕێژیمی ئێران و هەروەها گەمارۆکانی ئامریکا لەسەر ڕێژیمی ئێران، نرخی دۆلار لەو وڵاتەدا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت و دۆخی خەڵک تا دێت قەیراناویتر دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی ماڵپەڕی دراو و زێڕی ڕێژیمی ئێران، نرخی دۆلاری ئامریکا لە بازاڕە ئازادەکانی ئێراندا ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی پووشپەڕ، لە کاناڵی ٢٣ هەزار تمەن تێپەڕی و لە ٢٤ هەزار تمەن نزیک بووەوە و بوو بە ٢٣ هەزار و ٣٧٠ تمەن.

ڕەوتی نرخی دۆلار لە بازاڕدا ڕوو لە سەرەوەیە و هەر بەو پێیەش نرخی هەر یۆرۆ گەیشتووەتە ٢٦ هەزار و ٤٥٠ تمەن و نرخی هەر سکەی زێڕیش لە ١٠ ملیۆن تمەنەوە بووەتە ١٠ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار تمەن.

"حەسەن ڕووحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران و هەروەها "عەبدولناسر هیممەتی" سەرۆکی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ڕەوتی هەڵکشانی نرخی دۆلاریان گەڕاندووەتەوە بۆ "هەندێک جموجۆڵ و چالاکیی دەروونی لە بواری نێودەوڵەتی" دژ بە ڕێژیمی ئێران.

نرخی دۆلار لە ئێران پەیوەندیی بە دوو فاکتەری سەرەکییەوە هەیە کە بریتییە لە "گەڕانەوەی دراوی هەناردەکراو" و "گەڕانەوەی سەرچاوە دراوییە بلووکە کراوەکان".

گەڕانەوەی دراوە هەناردەکراوەکان بابەتێکی نێوخۆییە و سەرچاوە لە گەندەڵیی سیستماتیکی ماڵی لە نێوخۆی وڵاتەوە دەگرێت و بلووکەکرانی سەرچاوە دراوییەکانیش گرێدراوە بە گەمارۆکانی ئامریکا لەسەر ڕێژیمی ئێران.