کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی دۆلار لە بازاڕە ئازادەکانی ئێراندا بۆ چوارەمین جار هەڵکشا

17:02 - 11 خاکەلێوه 2721

نرخی دۆلار لە بازاڕە ئازادەکانی ئێراندا بۆ چوارەمین جاری پشتی سەری یەک هەڵکشا و ڕێکەوتی ١٠ی خاکەلێوە گەیشتە ٢٥هەزار و ٩٠٠ تمەن.

بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ئیدعای کردووە کە "چالاکی و هەوڵەکانی سەفتەبازەکان بۆ بردنەسەرەوەی نرخی دراو" بووەتە هۆی چوونەسەرەوەی نرخی دۆلار بەڵام هەندێک لە ڕاگەیاندنەکانی ئێران هیوای هەندێک لە چالاکانی ئابووری بۆ نەمانی گەمارۆکان هۆکاری چوونەسەرەوەی نرخی دراوە.

نرخی دۆلار ڕۆژی دووشەممە ٢٥هەزار و ٣٠٠ تمەن بووە و تا ١٠ ڕۆژ پێش ئەوە نرخی دۆلار جێگیر بووە.

لەلایەکی دیکەوە هیچ هیوایەک بۆ ئازادبوونی داراییەکانی ئێران لە وڵاتانێکدا وەک کۆرەی باشوور، عێراق و ژاپۆندا نییە، سەرەڕای ئەوەی کە داهاتە نەوتییەکانی ئێران بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکا گەیشتووەتە کەمترین ئاست لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا.

چوونەسەرەوەی بەردەوامی نرخی دراو لە ڕۆژی دووشەممەوە لەکاتێکدایە کە ئێران و چین هەمان ڕۆژ تاپۆی ٢٥ ساڵەی هاوکارییان واژۆ کردبوو، تاپۆیەک کە وەک هومێدێک بۆ ڕێژیمی ئێران بۆ شکستپێهێنان بە گەمارۆکانی ئامریکا چاوی لێدەکرا، بەو حاڵەوە وێدەچێت کە بازاڕ سەرنجێکی ئەوتۆی بە ئەو تاپۆی هاوکارییە نەداوە.

هاوکات سندووقی نێونەتەوەیی دراو ڕۆژی سێشەممە ١٠ی خاکەلێوە ڕایگەیاند کە نرخی گەشەی ئابووریی جیهان لە ساڵەکانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢دا هەڵدەکشێت.

"کریستینا جێئۆرجیوا" سەرۆکی ئەو ناوەندە ڕایگەیاندووە دۆخی ئابووریی جیهان هەروا ناسەقامگیرە.

ڕاپۆرتی سندووقی نێونەتەوەیی پارە سەبارەت بە دوورەدیمەنی ئابووریی جیهان بڕیارە حەوتووی داهاتوو بڵاو بکرێتەوە.

ئەو ناوەندە لە دوایەمین ڕاپۆرتی خۆیدا کە لە مانگی ژانویەدا بڵاو کراوەتەوە نرخی گەشەی ئابووریی جیهان لە ساڵی ٢٠٢١دا ٥.٥ لەسەد و بۆ ساڵی ٢٠٢٢ ئەو نرخە ٤.٢ لەسەد پێشبینی کراوە.