کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی دۆلار لە ئێران هەروا بەرەو هەڵکشان دەڕوات

18:05 - 10 جۆزەردان 2722

نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازادی ئێران ڕۆژی سێشەممە ١٠ی جۆزەدان، گەیشتە ٣١ هەزار و ٢٥٠ تمەن، کە لە ماوەی ٢٠ مانگی ڕابردووەوە ئەمە بەرزترین نرخێکە کە تۆمار کراوە.

هەروەها نرخی هەر سکەی زێڕ ١٥ ملیۆن تمەنی تێپەڕاندووە.

بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە ئێران لە حاڵێکدایە کە وەزارەتی نەوتی دەوڵەتی ''ئیبراهیم ڕەئیسی'' لەو ماوەیەدا ڕایگەیاندبوو کە وەرگرتنی داهاتی دراو کە لە تراوی گازی سروشتی، بەرهەمەکانی نەوت و پێترۆشیمی لە مانگی خاکەلێوە و بانەمەڕدا بەدەست هاتبوو، زیاتر لە ٦٠ لەسەد زیاتر لە ماوەی وێکچوو لە ساڵی ڕابردوودا بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو وزارەتخانەیەی ڕێژیم، داهاتی پێترۆشیمیی ئێران لەو ماوەیەدا لە ١.٥ میلیارد دۆلار گەیشتووەتە ٢ میلیارد و ٤٥٠ ملیۆن دۆلار.

لە کاتی ڕاوەستانی وتووێژەکان بۆ ژیاندنەوەی ڕێککەوتنی بەرجام و کەمبوونەوەی هیواکان بە هەڵوەشانەوەی گەمارۆکانی ئامریکا، دابەزینی بەهای پارەی ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی دراوی بیانی ڕەوتێکی خێراتری بەخۆوە گرتووە.