کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی دۆلار ڕۆژ لەگەڵ رۆژ بەرز دەبێتەوە

16:54 - 16 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: لە دوای چەند ڕۆژ تاکەنرخی کردنی دۆلار لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە، دیسانەوە دۆلار سنووری ٦ هەزار تمەنی بڕی و گەیشتە نزیک ٧ هەزار تمەن.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، نرخی دۆلار بەرز بووەتەوە و لە ڕێکەوتی یەکشەممە ١٥ی بانەمەڕ، لە بازاڕەکانی ئێراندا نزیک به ٧ هەزار تمەن گەیشتووە.

ئەو بەرزبوونەوەی دۆلارە لە کاتێکدایە، کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، باسیان لە تاکەنرخی کردنی دۆلار کردبوو.

مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، دوای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، ئەحمەد وەفادار ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری سنفی زێڕ و زێوی ئێران، لەسەر بەرزبوونەوەی دۆلار و سکەی زێر وتوویە: "خۆپیشاندانەکان بوونەتە هۆی ئەوەی خەڵک پاشکەوتەکانی خۆیان لە بانکەکان وەربگرنەوە و دۆلار و سکەی زێڕ بکڕن، هەر بەم بۆنەوە نرخی دۆلار و سکەی زێڕ بەرز بوونەتەوە".

ئێستاش دوای بەرزبوونەوەی دۆلار بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، دەیخەنە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عەرەبستانی سعوودییە.