کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی دەرمانی نەخۆشییە تایبەتەکان، ١٠ لە سەد زیادی کردووە

11:21 - 1 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی شۆرای نەخۆشییە تایبەتەکانی پارێزگای کرماشان باسی لەوە کردووە، دەرمانی تایبەت بەو نەخۆشییانە، ١٠ لە سەد گران بووە و ناوبراو جەختی کردووەتەوە نرخی دەرمانەکانی یەک دەورە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە ٦٠ هەزار تمەنەوە گەیشتووەتە ٥٠٠ هەزار تمەن.

حوسێن بیگلەری، بەرپرسی شۆرای نەخۆشییە تایبەتەکانی پارێزگای کرماشان لەم بارەوە ڕایگەیاندووە، لە پارێزگای کرماشاندا، ٣٩ هەزار و ٥٠٠ کەس تووشی نەخۆشییە تایبەتەکانن که نەخوشییەکانییان بریتین لە: "نەخۆشیی گورچیلە، نەخۆشیی شەکرە، نەخۆشیی هێمۆفیلی ، ئێم ئێس و شێرپەنجە".

ناوبراو سەبارەت بە گرانبوونی نرخی دەرمانەکانی ئەم نەخۆشییانە ئاماژەی بە دامەزرانی ئەنجومەنی پشتیوانی لە نەخۆشە تایبەتەکان کردووە و وتوویەتی: "گرانبوونی دەرمانەکان بووەتە هۆی ئەوەیکە تەنانەت هەبوونی ئەم ئەنجومەنەش ناتوانێ وڵامدەری نەخۆشەکان بێت و دەرمانەکان دابین بکات، هەر بۆیە خەڵکی خێرخواز ئەبێ بە هانایانەوە بێن و دەرمانەکانیان بۆ دابین بکەن".

بیگلەری لەم بارەوە داوای لە بەرپرسان کردووە، کێشەی گرانی دەرمانەکان چارەسەر بکەن؛ چونکە گرانبوونی دەرمانەکان توانای کڕینی لە زەڵک سەندووەتەوە.
لە لایەکی ترەوە، قوباد محـەممەدی، جێگری خۆراک و دەرمانی زانکۆی پزیشکیی کرماشان، سەرەڕای ئاماژە کردن بە گرانبوونی ١٠ لە سەدی دەرمانەکانی نەخۆشییە تایبەتەکان، کەمبوونی دەرمانی بۆ تووشبووان بە نەخۆشییە تایبەتەکان ڕەت کردووەتەوە.

قسەکانی ئەم برپرسەی ڕێژیم، لە حاڵێکدایە کە گرانبوون و کەمبوونی دەرمان بۆ ئەو نەخۆشانەی کە توانای کڕین و دابینکردنی دەرمانەکانیان نییە، هیچ جیاوازیەکی ئەوتۆی نییە و بابەتەکە ئەوەیە کە خەڵکی تووشبوو بەو نەخۆشییانەوە ناتوانن دەرمانەکانیان دابین بکەن و بەرپرسانی ڕێژیمیش بە چەواشەکردنی ڕاستییەکان و لەپەراویزخستنی ئەو خەڵکە هەوڵی سڕینەوەی پرسیارە سەرەکییە دەدەن.