کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی زەوی لە ناوچە لافاولێدراوەکاندا گران بووە

19:13 - 6 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: لە دوای لافاو و ڕۆچوونی زەوی لە پارێزگای گوڵستاندا، نرخی زەوی بە ڕێژەی ٤٠٠ لەسەد گرانبووە. لە لایەکی دیکەشەوە زیاتر لە ٩٨ لەسەدی کرێنشینان، توانای دانی کرێی خانوویان نییە.

"حەمدتەقی زەمانی نەژاد"، بەرپرسی گشتیی بونیادی مەسکەنی پارێزگای گوڵستان، باسی لە بەرزبوونەوەی نرخی زەوی لە ناوچە لافاولێدراوەکانی ئەم پارێزگایەی کردووە و وتوویەتی: "نرخی یەک هێکتار زەوی، پێش لە هاتنی لافاو و ڕۆچوونەکانی زەوی، بە ٧٠ میلیۆن تمەن بووە، بەڵام ئێستا هەر هەمان زەوی بە نرخی ٣٠٠ میلیۆن تمەن دەفرۆشرێت."

بە وتەی ناوبراو، ناوەندە دەوڵەتییەکان بە دوای دەرکردنی مۆڵەتن بۆ گۆڕینی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ شوێنی نیشتەجێ بوون.

لە لایەکی دیکەشەوە، جێگری بەرپرسی یەکەمی ڕێکخراوی ڕاوێژکارانی ئەملاکی تاران، ڕایگەیاندووە: "بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی کرێی خانوو، ٩٨ لەسەدی کرێنشینان توانای دانی کرێ خانوویان نییە."

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە وتووێژێکدا لەگەڵ ناوەندی هەواڵدەری حکومەتیی ئیرنا، وتوویەتی: "زەرفییەتی بەرزبوونەوەی نرخی کرێی خانوو لە شاری تاران بە ڕێژەی ٢٠ لەسەد و لە شارە گەورەکان بە ڕێژەی ١٠ هەتا ١٥ لەسەدە."

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، کەمیی شوێنی نیشتەجێبوون و سیاسەتە هەڵەکانی ئابووری و بانکیی، بە هۆکاری چوونەسەری نرخی کرێی خانوو بە ڕێژەی ١٠٠ لەسەد لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا زانیوە.