کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی سیمان لە ئێراندا ٣٧ لەسەد گرانتر دەبێت

12:08 - 6 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەکەڵکاژۆگرتن لە گەمارۆکانی ئامریکا، بەرپرسانی گەندەڵی ڕێژیمی ئێران، بۆ زیاتر گیرفان پڕکردنی خۆیان، هەموو شتێکیان چەندین قات گرانتر کردووە.

هەواڵدەریی "تەسنیمـ"ـی سەر بە ڕێژیم، ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی پووشپەڕ، لە یەکێک لە هەواڵەکانیدا نووسیویەتی: "ئەنجومەنی سێنفیی خاوەنکارانی بەشی سیمان، لەگەڵ زیادکردنی ٣٧ لەسەدیی نرخی سیمان ڕێک کەوتوون".

بەپێی ئەم هەواڵە، بەم رێککەوتن و بڕیارە، نرخی جۆرەکانی سیمانی خۆڵەمێشی و سپی لە ڕۆژی پێنجشەممە، ٦ی پووشپەڕەوە گرانتر بووە.

ماوەیەک پێش، "عەبدولڕەزا شێخان"، دەبیری ئەنجومەنی سێنفیی خاوەنکارانی بەشی سیمان، هۆکاری چوونەسەرەوەی نرخی سیمان بۆ بەرزبوونەوەی ٦٠ هەتا ٦٥ لەسەدیی کەرەستەکانی بەرهەمهێنانی سیمان گەڕاندەوە و وتبووی: "لە ئێستادا ئەم نرخانە وڵامدەری پێداویستیی کارخانەکانی سیمان نییە و لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم ڕەوتە، زۆرێک لە کارخانەکانی سیمان دادەخرێن".

سیمان یەکێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانە کە لە پرۆسەی ئاوەدانی و بیناسازیدا دەورێکی بەرچاو دەگێڕێت و بە گرانبوونی، هاوکات نرخی خانووبەرەش گران دەبێت و ئەم ڕەوتە دەبێتە هۆی ئەوەی کە دیاردەی کرێنشینی پەرە بستێنێت و چینی هەژار هەر هەژارتر و چینی دەسڕۆیشتوو و سەرمایەداریش، دەسڕۆیشتووتر بن.