
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی "محەممەد فەربۆد" ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی پیشەیی بەرهەمهێنانی شیرەمەنی وتی کە بەرهەمی شیرەمەنی بە ڕێژەی ٨٧.٥ لەسەد لە حاڵی گرانبووندایە.
ناوبراو وتی: "نرخی شیری خاو کیلۆیەک لە شەش هەزار و ٤٠٠ تمەنەوە گەیشتووەتە کیلۆیەک دوازدە هەزار تمەن. دەبێ چاوەڕوان بین و ببینین کە دۆخی بازاڕ بەرەو کوێ دەڕوات، بەڵام دەتوانین دڵنیایی ئەوە بدەین کە ڕێژەی بەکارهێنانی شیرەمەنی ٣٠ لەسەد کەم دەکات".
ناوبراو باسی لەوەش کردووە کە ڕێژەی هەناردەی شیرەمەنییەکانیش کەمی کردووە و تەنیا ١٠لەسەدی بەرهەمی نێوخۆیی هەناردەی دەرەوە دەکرێت.
بەرهەمی شیرەمەنیی ئێران تەنیا هەناردەی وڵاتانی "عێراق، ئەفغانستان و پاکستان" دەکرێت و بەهۆی گرانیی لەڕادەبەدەری ئەو بەرهەمانە پێشبینیی ئەوە دەکرێت کە ڕێژەی کڕین لەلایەن ئەو وڵاتانەوە زۆر کەم بکات.
گرانیی لەڕادەبەدەری پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵک وەکوو "ڕۆن، مریشک و هێلکە" و چەندین پێداویستیی دیکە بووەتە هۆی ئەوەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە چەندین شاری ئێران خۆپیشاندان بەڕێوە بچێت و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک باری سیاسیشی بە خۆوە گرتووە.