
بەپێی ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی "سەمتـ"ـی ڕیژیمی ئێران، نرخی جۆرەکانی نان لە کوردستان و ئێران ٢٥٠ تمەن زیادی کردووە.
کارگرووپی ئارد و نانی ڕێژیم نرخی نوێی جۆرەکانی نان وەک لەواش، ماشینی و سوننەتی، بەڕبەڕی و سەنگەکی یارانەیی و نیوەیارانەیی دیاری کردووە و نانواییەکان لەمەوبەدواوە دەبێ بەو نرخە نان بە خەڵک بفرۆشن.
بەپێی ئەو بڕیارە نوێیەی ڕێکخراوی "سەمتـ"ـی ڕێژم، نرخی یەک نان بە ئاردی یارانەی ژمارە "١" زیاتر لە ٣٠٠ تمەن و نرخی یەک "نان" لە نانوا ئازادەکان بە ئاردی یارانەیی ژمارە "٢" گەیشتووەتە ٤٠٠ تمەن.
ئەوە چەندمین جارە لە ئەمساڵدا نرخی "نان" لە کوردستان و ئێران هەڵکشان دەبینێت و کاربەدەستانی ڕێژیم هۆکاری جۆراوجۆری وەک: "وشکەساڵی و نەبوونی گەنم، گرانبوونی گەنم، تێچووەکانی بەرهەمهێنانی ئارد و گەنم" بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نان دێننەوە.