کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا ٧ لەسەد دابەزی

12:27 - 30 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران کە لە ژێر گوشارێکی توندی ئابوورییە، بە دابەزینی نرخی نەوت گوشارەکانی سەری چەند قات دەبێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاسۆشیتدپرێس، ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەر، لە بازاڕەکانی جیهاندا، نرخی نەوت بە ٧ لەسەد دابەزینەوە بە بەرمیلێک ٦٢ دۆلار فرۆشراوە، کە دابەزینی نرخی نەوت لە یەک ڕۆژدا بەم ڕێژەیە، لە سێ ساڵی ڕابردوودا بێوێنە بووە.

 لەم پێوەندییەدا، فاتێح بیرۆل، بەڕێوبەری ئاژانسی نێونەتەوەییی وزەی ڕێژیم، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاندووە، کە بە هۆی چاوپۆشیی ئامریکا لە کڕیارانی نەوت لە ئێران و درێژەی ڕادەی فرۆشتنێکی زۆری نەوتی ئەم وڵاتە،  بازاڕی نەوتی جیهان تووشی ئاڵۆزی بووە و ئاکامەکەی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوتە.

بەرمیلێک نەوت لە سەرەتای مانگی ئوکتۆبری ئەمساڵەوە، زیاتر لە ٨٥ دۆلار دەفرۆشرا و ئەم نرخە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا بەرزترین نرخی نەوت بووە، بەڵام بە دەنگۆی چاوپۆشیی ئامریکا لە کڕینی نەوتی ئێران لە لایەن چەندین وڵاتەوە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان دابەزینێکی بەرچاو بە خۆوە دیوە.

لە ئێستەدا هەناردەکردنی نەوت لە لایەن ئێرانەوە بە ڕێژەی یەک میلیۆن بەرمیلە، کە ئامریکا لە ١٥ی خەزەڵوەرەوە، ڕێگای بە ٨ وڵاتی: چین، هیندوستان، کورەی باشوور، ژاپۆن، تایوان، تورکیە، ئیتالیا و یوونان داوە، کە بە شێوەیەکی سنووردار نەوتی ئێران بۆ ماوەی ١٨٠ ڕۆژ بکڕن و پاش ئەم ماوەیە کڕینەکانیان بە ڕادەیەکی بەرچاو کەم بکەنەوە.

ئەگەرچی بە هۆی دابەزینی بەرچاوی نەوت، وڵاتی عەرەبستان رایگەیاندووە، کە لە مانگی داهاتوودا، ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خۆی کەم دەکاتەوە، بەڵام ڕووسیە ڕایگەیاندووە، کە هێشتا بۆ ئەم کارە زووە.

دابەزینی نرخی نەوت لە کات و ساتێکدایە، کە ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران زیاتر لە ٥٠ لەسەد دابەزیوە و ئەم حاڵەتە کارتێکەریی زیاتر لەسەر گەمارۆوەکانی سەر ئەم ڕێژیمە دادەنێت و دۆخی ئابوورییەکەی بەرەو شپرزەیی زیاتر دەبات.