کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی هەر دۆلارێک لە ئێراندا گەیشتە نزیک ٢٠ هەزار تمەن

19:20 - 1 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی یەکشەممە ١ی پووشپەڕ، نرخی هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی ئێران گەیشتە ١٩ هەزار و ٧٧٠ تمەن کە بەنیسبەت ڕۆژی ڕابردوو ٥٠٠ تمەن بەرزتر بووەتەوە.

ئەم نرخە لە بازاڕە ئازادەکانی ئێران بە ڕکۆردێکی مێژوویی هەژمار دەکرێت.

هەروەها نرخی هەر سکەیەک بە ٣.٢٥ لەسەد بەرز بووەنەوە گەیشتووەتە ٧ میلیۆن و ٩٥٠ هەزار تمەن.

لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی نرخی دۆلارێک  یەک لە سەر چوار و نرخی سکەش یەک لە سەر سێ بەرز بووتەوە.

نرخی دراو و سکە لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام لە هەڵکشان دابووە، بەڵام دوای پەسەندکردنی بڕیارنامەی شورای بڕیاردانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە ڕۆژی هەینی، نرخی دراو لە ئێران بە شێوەی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

سندوقی نێونەتەوەیی دراو پێشبینی کردووە کە پاشکەوتی دراوی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە نیسبەت ساڵی ڕابردوو ١٩.٤ میلیارد دۆلار دادەبەزێت و دەگاتە ٨٥ میلیارد دۆلار و لە ساڵی داهاتووی زایینی بە داکشانی زیاتر لە ١٦ میلیارد دۆلار بۆ ٦٩ دۆلار دادەبەزێت.

هەواڵدەریی "ئاسۆشێتدپرێس" لە ڕاپۆرتی ڕۆژی هەینی خۆیدا بە سەردێری '' بەهای پارەی ئێران لە بەرامبەر دۆلار گەیشتە کەمترین ئاستی خۆی'' نووسیویەتی: '' ٥ ساڵ لەمەوپێش کاتی ڕێککەوتنی بەرجام نرخی هەر دۆلار ٣ هەزار و ٢٠٠ تمەن بوو و ئێستا گەیشتووەتە سەرەوەی ١٩ هەزار تمەن.

هەروەها  قورسترین سزا ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ئابووری ئەو وڵاتە تووشی داڕمان بووە.

حەوتووی پێشتر، ''ئیسحاق جەهانگیری'' جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران وتبووی کە داهاتی نەوتی ئێران لە ١٠٠ دۆلارەوە گەیشتووەتە ٨ میلیارد دۆلار.

هەروەها وێڕای کاریگەریی گەمارۆ ئابوورییەکان، گەندەڵیی سیستماتیک و ئیختلاس لەنێو سیستەمی بەڕێوەبەریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا بووەتە باو کە ئابووریی ئەو وڵاتەی بەرەو داڕمان بردووە.