کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی هەر کیلۆ برنجی ئێرانی گەیشتە ١٠٠ هەزار تمەن

18:06 - 27 خاکەلێوه 2722

هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوە نرخی برنجی بۆ کیلۆی ١٠٠ هەزار تمەن، ''حەسەن تەقی زادە'' بەرپرسی یەکیەتیی فڕۆشیارانی برنج لە بابۆل وتوویەتی ''نرخدانانی دەستووری پێش لە نەورۆز'' هۆکاری گرانبوونی برنجە.

"تەقی زادە'' بە هەواڵدەریی ''ئیلنا''ی سەر بە ڕێژیمی وتووە کە دوای نرخدانانی دەستووری پێش لە نەورۆز، وەرزێڕان فرۆشتنی بارەکانیان ڕاگرتووە و ئەمە بووەتە هۆی ئەوەیکە دابەشکردنی ئەو بەرهەمە لە بازاڕدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێت.

سەڕەڕای ئیدعای بەرپرسانی ڕێژیم کە لە مانگەکانی ڕابردوو وشکەساڵی و کاروپیشەی بازرگانیان بەهۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی برنج ڕاگەیاندبوو، ''مەنسوور عەلی زارعی'' ئەندامی کۆمیسیۆنی کشتوکاڵی مەجلیسی ڕێژیم هۆکاری ئەو دۆخەی بۆ نەبوونی چاودێری لە بازاڕدا گەڕاندووەتەوە و وتوویەتی کە کۆنترۆڵی نرخی برنج لەدەست دەوڵەتدا نەماوە.

هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخەکان ''مەسعوود دانیشمەند'' ئەندامی ژووری بازرگانیی ئێران، هۆشداریی داوە کە لە ئەگەری بەردەوامیی ئەو ڕەوتە و نەبوونی پێوەندی و هاوئاهەنگی لەگەڵ سیستمی بانکی جیهانی، دەبێ چاوەڕوانی هەڵاوسانی سێ ڕەقەمی بین.