کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی هەر کیلۆ "مێڵگرد" ٤ هەزار تمەن گران بوو

18:05 - 24 پووشپەڕ 2720

بەرپرسی یەکیەتیی فرۆشیارانی ئاسن و پۆڵا باسی لەوە کردووە کە لە ئێستادا نرخی هەر کیلۆ مێڵگرد ٤ هەزار تمەن گران بووە و گەیشتووەتە زیاتر لە ١١ هەزار تمەن.

بەرزبوونەوەی ٤ هەزار تمەنیی نرخی هەر کیلۆ مێڵگرد لە بازاڕەکانی ئێران لە حاڵێکدایە کە دوو حەوتوو لەمەوپێش نرخی هەر کیلۆ مێڵگرد ٧ هەزار و ٩٠٠ تمەن بوو.

''حەمید ڕەزا ڕستگار'' بەرپرسی یەکیەتیی فرۆشیارانی ئاسن و پۆڵا، نەخستنەڕووی شمشی پۆڵا بۆ بازاڕی بورس و هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری بە هۆکاری گرانبوونی ئەم کاڵایە زانیوە.

گەمارۆوە ئابوررییەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، داکشانی بەردەوامی نرخی تمەن و گەندەڵی و ناکارامەیی سیستمی بەڕێوەبەریی ئەو وڵاتە، بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران کۆنترۆڵی نرخی شتومەکەکان  لەدەست بدات.

گرانیی لەڕادەبەدەر گوشارێکی زۆری بۆ خەڵک هێناوە، لەلایەک نرخەکان بە شێوەی سەرسووڕهێنەر بەرز دەبێتەوە و لەلایەکی ترەوە داهاتی خەڵک هەروا دادەکشێت و بەرپرسانی ڕیژیمی ئیران لە جێگای ئەوەی ئەم دۆخە کۆنترۆڵ بکەن، ڕایانگەیاندووە کە دەبێ خەڵکی ئێران چاوەڕوانی گرانتربوونی کەلوپەلەکان بن.